کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شانازی‌خوڵقێنەرانی مێژوو و تاجی سەری کوردان

01:13 - 2 سەرماوەز 2723

مەنسوور مروەتی

ئەم ڕۆژانەی کە تێداین بە مەودای کەم و زۆرەوە لە کوردستان هاوکاتە لە گەڵ یەکەم ساڵڕۆژی شەهیدانی شۆڕشی ژینا. ئەم ڕۆژانە دیسان لاپەڕەکانی مێژووی کوردستان شانازی بەم لاپەڕانەوە دەکا کە بنەماڵەی خۆڕاگر و ڕووسووری شەهیدانی کوردستان دەینووسنەوە.

ڕێوڕەسمە بە نێوەڕۆک گەورە و مانادارەکانی بنەماڵەی شەهیدان دیسان ڕووحێکی تازەی وەبەر شۆڕشی کوردستاندا کردوە، کە دەکرێ بڵێین لە مێژووی خەباتی گەلاندا بۆ سەربەستی و سەربەخۆیی ئەگەر بێوێنە نەبێ لانیکەم کەم‌وێنەیە. بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان لەم یەک‌ساڵەی ڕابردوودا کە ئازیزترین کەسەکانیان بە دەستی مرۆڤکوژانی کۆماری ئیسلامی شەهید کراون، لەگەڵ هەڵگرتنی باری قورسی لە دەستدانی ئازیزانیان، بەڵام ئەم کارەساتە نەیتوانیوە بەسەریاندا زاڵ بێ و ئەسڵی بابەتەکەیان لە بیر بباتەوە کە بریتیە لە تێکۆشان بۆ گەیشتن بەو ئاوات و ئامانجانەی ئازیزانیان گیانیان لە پێناودا بەخت کردوە. بەڵام لەم نێوەدا ڕەفتار و هەڵسوکەوتی سەرشۆڕانەی دەزگا ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان و ساڵڕۆژی شەهیدەکان ڕەفتارێکی سەیروسەمەرەیە. ئەوان بە هەموو توانای خۆیانەوە هاتوون درگای قەبرستانەکانیان بە ڕووی ئەو بنەماڵانەدا بەستووە و هەڕەشەیان لێ کردوون کە نابێ لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ڕۆڵەکانیاندا بچنە سەر گۆڕەکانیان و ڕێوڕەسمیان بۆ بگرن. لە لایەکی ترەوە هەر ئەم دەزگا ئەمنیەتییانەی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی ئەوەدان کە بە وەڕێخستنی ڕێوڕەسم و کۆنسێرت و فستیواڵی جۆراوجۆر وابنوێنن کە بارودۆخی کوردستان ئاساییە. تەنانەت ئەگەر ئەم فستیواڵ و ڕێوڕەسم و کۆنسێرتانە بەپێچەوانەی ئایدۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی بێ. بۆ وێنە ئەگەر کۆنسێرتی گۆرانی و هەڵپەڕینی لاوەکان لەسەر شەقامەکانیش بووبێ.

 بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان ئەگەرچی ڕێگای قەبرستان و چوونەسەر گۆڕی ئازیزانیان لێ گیراوە بەڵام بە داهێنانی خۆیان و بەهەرجۆرێک بۆیان کرابێ یادی شەهیدەکانیان کردووتەوە، بەڵام ئەوەی جێی هەڵوەستە لەسەرکردنە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی و دەزگا ئەمنیەتیەکانیەتی. لە پێشدا پێویستە ئەوە بگوترێ کە نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی خاوەن فەرهەنگی جوان و ڕەنگاوڕەنگ و شادە. خۆشی، شایی و هەڵپەڕینی کوردان لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا کە لەگەڵ ڕەوتی مێژووی کوردستاندا تا ئەوڕۆ هاتووە خۆی سەلمێنەری ئەوەن کە فەرهەنگی کورد فەرهەنگی تەعزیە و خەفەتباری و خەمۆکی کۆمەڵگە نییە، بەڵام هەر ئەم کۆماری ئیسلامییە کە ئێستا ڕێگای گۆڕستانی لە خەڵک و بنەماڵەی شەهیدان گرتووە لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیەوە تا ساڵانێکی زۆر هەر چەشنە ئاواز و مووزیک و شایی و گۆرانی و هەڵپەڕینێکی لە کوردستان، تەنانەت لە زەماوەندەکانیشدا قەدەغە کردبوو و دەیهەویست دۆخێکی خەفەتبارانە و خەماوی بە سەر کۆمەڵگەدا زاڵ بکا، ئەی خێرە ئێستا ڕێگا بە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسم و فستیواڵانە لە شەقام و سالۆنەکانی کوردستاندا دەدا و دەرگای گۆڕستانەکان دەبەستێ؟ ئایا کۆماری ئیسلامی لە بیری هێنانەئارای شایی و خۆشی و هاندانی لاوەکان بۆ شادی و دوورکەوتنەوە لە خەمۆکی و هەزاران دەردی بێ دەرمانی دیکەیە کە هەر خۆیان بەسەر خەڵکیاندا هێناوە؟ بێگومان نەخێر، ئەوان وەک باس کرا دەیانهەوێ لە پاش ئەو شۆڕشە گەورەیەی کە ساڵی پار لە کوردستانەوە سەریهەڵدا و بڵێسەی سەند و خەریک بوو تەخت و بەختی دیکتاتۆرانی کۆماری ئیسلامی تێکەوە پێچێ، لەبیر بەرنەوە و بڵێن لە کوردستان هەموو شتێک ئاساییە و کوردستان لە کۆنترۆڵی ئەوان‌دایە. لە حاڵێکدا لە کوێی دنیا دیتراوە کە دەوڵەتێک بۆ پێشگرتن لە چوونە سەر قەبران  ڕێگای گۆڕستان بە تانک و تۆپ بگرێ. لە کوێی دنیا دیتراوە کە دەوڵەتێک بۆ پێشگرتن لە کۆبوونەوەی خەڵک بە دیار گۆڕی ئازیزەکانیانەوە دەرگای قەبرستانەکان دابخات و هێزە سەرکوتگەرەکانیان نەهێڵن کە خەڵک بچنە قەبرسانەکان. کەواتە نەتەنیا بارودۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە بەڵکوو لە ساڵیادی شەهیدانی شۆڕشی ژینادا سەنگەرێکی دیکەش بە سەنگەری تێکۆشان لە کوردستان زیاد بووە، ئەویش سەنگەری کۆڕ و کۆبوونەوەی بنەماڵەی شەهیدان و یادی ڕۆڵە شەهیدەکانیانە، جا ئەو کۆبوونەوانە لە هەر کوێ بگیرێ و با ڕێگەی قەبرستانیشیان لێگیرابێ.

گریان و فرمێسک ئەگەرچی لە خسڵەتە بەرز و باشەکانی مرۆڤە بەڵام لە بەرانبەر هەڵسوکەوتی بەرزی بنەماڵەی شەهیداندا ئەوەی وا لە ئینسان دەکا کە لەبەرانبەر گەورەیی ئەواندا دەستی ڕێز بە سینگەوە بنێی ئەوەیە کە ئەوان گریان و فرمێسک و خەفەتی لە دەستدانی ئازیزەکانیان وای لێ نەکردوون کە خەفەتبار و دەستەوئەژنۆ دابنیشن، بەڵکوو ئەم بنەماڵانە خۆیان بوونەتە هێمای خەبات و تێکۆشانی گەلێک کە سەرقافڵەکەیان پێشەوای گەورەی کوردان، پێشەوا قازی محەممەدە. قسە و لێدوان و وتارەکانی ئەوان بووەتە مانیفیستی شۆڕشی کوردستان. میللەتێک کە خاوەنی ئەم هەموو مرۆڤە گەورە و سەربەرزانەیە، بەهیچ داگیرکەر و دیکتاتۆرێک بەچۆکدا نایە و ڕۆژی سەرکەوتنی زۆر نزیکە.

ئەگەرچی خەڵکی کوردستان دڵیان لە گەڵ ئەم بنەماڵە سەربەرزانەیە و بەردەوام لەگەڵیان بوون بەڵام پێویستە لەوە زیاتر پشتیوانیان بن و تا سەرکەوتنی یەکجاری بەکردەوە یارویاوەریان بن.

سڵاو لە یادی شەهیدانی کوردستان و سڵاو لە بنەماڵە خۆڕاگرەکانیان.