کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی و دژایەتیی لەگەڵ وەستاندنی شەڕ و ئازادکردنی دیلەکان

23:26 - 7 سەرماوەز 2723

سمایل شەرەفی

لە ڕەوتی چەند ڕۆژەی ڕاوەستانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و ئاڵوگۆڕی دیلەکانی ئیسرائیلی و فەلەستینی، بۆ جارێکی دیکە سیاسەتی ئاژەوەنانەوە و شەرەنگێزانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووی ڕاستەقینەی دەرخستەوە. بەپێچەوانەی ئیدیعاکانی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، هەوڵەکانی ئێران نەک بۆ سەقامگیرکردنی ئاسایش و ئەمنیەتی ناوچەکە و ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە نییە و نەبووە، بەڵکوو ستراتیژیی نەگۆڕی ئەم ڕێژیمە پەرەدان بە شەڕ و توندوتیژی و نائەمنکردنی ناوچەکە و درێژکردنەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان بووە.

ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کە ئەو ماوەیە زۆرترین دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی حەماس و حیزبوڵلای لوبنان و هێز و گرووپەکانی دیکەی ژێر چەتری پشتیوانیی ڕێژیمەکەی لە ناوچەکەدا بووە، لە زۆربەی دانیشتنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا ئیدێعای دەکرد "وڵاتەکەی و بەتایبەت تیمە دیپلۆماتیکەکەی ئەو، هەوڵیان کەمکردنەوەی ئاڵۆزی و ناکۆکییەکان، ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە و دواجار سەقامگیرکردنی ئاسایش و ئەمنیەتی سەقامگیر لە ناوچەکەدایە". بەڵام وەك دوور لە چاوەڕوانی نەبوو، لە درێژەی ڕەوتی وەستاندنی کاتیی شەڕ لە غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکانی ئیسرائیل و فەلەستین بە نێوبژیوانیی دەوڵەتی قەتەر و ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، کۆماری ئیسلامی بەکردەوە هەموو هەوڵێكی ‌دا ئەم ڕێککەوتنە شکست پێ بێنێ. جارێ هەر لە سەرەتاوە نەقڵانەی ئەوەیان بوو کە گوایا ئیسرائیل لە دەقەی نەوەددا ئەم ڕێککەوتنە پێشێل دەکات و مل ناداتە ئاڵوگۆڕی دیلەکان! کە شەڕ ڕاوەستا و دیلەکان گۆڕدرانەوە، دەستە دیار و شەڕەنگێزەکانی بەستراوە بە تاران، بە هێرشکردنەسەر کەشتییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و کردنەئامانجی بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سورییە لەلایەن هێزە نیابەتییەکانەوە، هەوڵیان دا ئیسرائیل بۆ پاشگەزبوونەوە لە ڕێککەوتن لەسەر وەستانی شەڕ و گۆڕینەوەی دیلەکانیان ‌بخانە ژێر گوشارەوە. دوای درێژکردنەوەی دوو ڕۆژی دیکەی وەستاندنی شەڕ و درێژەدان بە گۆڕینەوەی دیلەکان کە دەرکەوت پیلانەکانی تاران سەری نەگرت، میدیاکانی سەر بە ڕێژیم هەر ئەوەیان بۆ مایەوە بڵێن "ڕاوەستانی شەڕ و ملدانی ناتانیاهۆ بۆ گۆڕینەوەی دیلەکان، نیشانەی سەرکەوتنی بەرەی مقاومەت و شکستی ئیسرائیل و ئامریکایە"!

لە ماهییەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کە "شەڕ بە نێعمەتی ئیلاهی" تەعبیر و پێناسە کراوە و ڕاگرتن و کۆتایی پێهێنانی، ڕاست بە مانای "خواردنەوە و فڕکردنی ژارە"، هەوڵدان بۆ ئاشتی و پاراستنی گیانی ئینسانەکان و ئازادکردنی دیلەکانی شەڕ و ڕزگارکردنی وڵات لە شەڕ، هیچ مانا و واتایەکی نییە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دوای ساڵێک لە هاتنەسەرکاری هێرشی کردە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران و بە دەیان کەس لە کارمەندانی ئامریکایی بۆ ماوەی ٤٤٤ رۆژ بەبارمتە گرت و هەموو ڕێوشوێنێکی مڕۆیی و جیهانیی خستەژێرپێ، تازە شەرمی لە ڕێزنەگرتن لە گیانی ئینسانەکان و لێکەوتەکانی شەڕێکی ماڵوێرانکەری وەک شەڕی غەززە، شکاوە. ئەم ڕێژیمە کە لەسەر بنەمای تێفکرینە شەڕەنگێزییەکانی خومەینی و "بەنێعمەت‌زانینی شەڕ"، شەڕێکی هەشت ساڵەی پڕ لە تێچووی ئینسانی و ئابووری و ژێربەنایی بەسەر وڵاتدا سەپاند و چارەنووسی زۆربەی دیلەکانی دەستی ڕێژێمی ئەوکاتی عێراقی بە "ئارەزووی شەهادەت" و تەماح‌وەبەرنانی دیلە عێراقییەکان بۆ پەیوەستبوونی زۆرەملێیان بە سپای بەدر و بەگژداکردنەوەی وڵاتی خۆیان سپارد، زۆر سەیر دەبێ چارەنووسی نەک دیلەکانی ئێسرائیل، تەنانەت دیلە فەلەستینییەکانیشی بۆ گرینگ بێت!

هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە و گۆڕینەوەی دیلەکانی هەر دوولا دەتوانێ نیشانەیەکی باش و سەرەتایەک بێت بۆ کەمکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان؛ ئەگەرچی بەرپرسانی ئیسرائیلی باس لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی حەماس دەکەن و وەک خۆیان دەڵێن لەسەر کۆتایی‌هێنان بە حەماس سوور و پێداگرن و پێیان وایە تەنیا بە نەمانی حەماسە غەززە دەتوانێ لە داهاتوودا ڕووی ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێ. بەڵام وەک هەموو لایەک بە دەوڵەتان و نەتەوە جیاجیاکانەوە لێی ئاگادارن و بەباشی دەیزانن، هۆکار و ماکەی سەرەکیی بەشی زۆری شەڕ و نائەمنییەکانی ناوچەکە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ڕێژیمێک کە نەتەنیا نوێنەرایەتیی خەڵکی وڵات ناکات، بەڵکوو بەهۆی ئەم سیاسەتە شەڕئەنگێزانەیەوە، ٨٠ میلیۆن کەسی لە ئێران بە بارمەتە گرتووە و سەروەت و سامانە زۆر زەوەندەکەیانی لە پشتیوانیکردن لە گرووپە نیابەتییەکانی و قەیرانخوڵقێنی و نائەمنکردنی ناوچەکە‌دا خەرج دەکات.