کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەفایەک بۆ وەفادارێک (تاهیر خەلیلی)

01:12 - 9 سەرماوەز 2723

مەنسوور مروەتی

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەز هونەرمەندی ناودار و شۆڕشگێڕی کورد تاهیری خەلیلی بەهۆی نەخۆشی لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد. تەرمی ئەو هونەرمەندە دەروەستە دوو ڕۆژ دواتر بە ڕێزەوە لەنێو ئاپۆڕای خەڵک و هونەرمەندان لە گۆڕستانی بەکرەجۆی ئەو شارە ئەسپەردەی خاک کرا.

هەر لە یەکەم ساتەکانی بڵاوبوونەوەی کۆچی دوایی تاهیری خەلیلی، شەپۆلێکی بەربڵاو لە خەم و ماتەمینی نێوخۆ و دەرەوەی کوردستانی داگرت و بۆ چەند ڕۆژێک دیسانەکە سروودی ''لە قەندیلی سەربەرزەوە" بوو بە وێردی سەرزمانان و تەنانەت بوو بە دوایین ماڵاوایی خەڵک لەم هونەرمەندە نیشتمانپەروەرە لە گۆڕستانی بەکرەجۆ کە لە پۆلێک لە هونەرمەندانی کوردی ئامادەبوو لە ڕێوڕەسمەکە گوترایەوە. لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەشدا ڤیدیۆیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت ماڵ بە ماڵی سۆسیال‌میدیای تەنیبوو کە کۆمەڵێک لە هونەرمەندان، شاعیران و نووسەرانی دڵسۆزی کورد لە چەند شارێکی کوردستان کە شەوێک دوای کۆچی دوایی کاک تاهیر، لە شاری سەردەشت پێکیان‌هێنابوو؛ کۆبوونەوەیەک بۆ ڕێزگرتن لە هونەرمەندی خاک و نیشتمان و بە کۆمەڵێک سیمبول و نیشانەناسیی تایبەتەوە.

وەئەمما پرسیار ئەوەیە، چ شتێک لە تاهیری خەلیلی و هونەرەکەیدا هەبوو کە خەڵک بەتێکڕا ئاوا بۆ کۆچی دوایی ئەو بەپەرۆش بوون و ئاوا بەڕێزەوە بەڕێی مەنزڵی ئەبەدییان کرد؟

تاهیری خەلیلی ئەگەرچی بەرهەمە هونەرییەکانی بە هۆکاری جۆراوجۆر زۆر نەبوو، بەڵام ئەوەی هەیبوو خستبوویە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەکەی و سروودەکانی ببوون بە وێردی سەرزمانان و لە نێویشیاندا سروودی بەناوبانگی "لە قەندیلی سەربەرزەوە" زیادەڕۆیی نییە بڵێین کە لە کوردستاندا کەس نییە نەیبیستبێ، نەیزانێ و بۆ جارێکیش بووبێ لە بەرخۆیەوە نەیخوێندبێ. لەوەش پتر تاهیر خەڵیلی بۆخۆشی بەکردەوە لە مەیدانی خەباتدا بوو و هەر لە سەرەتاکانی شۆڕشەوە ببوو بە پێشمەرگە و چەکی پێشمەرگایەتیی کردبووە شان. لە عەمەلیاتەکانی هێزی پێشمەرگەدا مەیدانی بەشداریی کردبوو، تەنانەت لە لەشکەرکێشییەکەی ساڵی ١٣٧٥ی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزب لە نیزیک شاری کۆیە یەک لەو ماڵە پێشمەرگانەی بە تۆپباران و کاتیوشابارانی سپا سووتان و خاپوور بوون، ماڵی تاهیری خەلیلی بوو. بۆیە پڕ بە پێستی خۆیەتی بڵێین تاهیری خەلیلی هونەرمەندێکی پێشمەرگە و پێشمەرگەیەکی هونەرمەند بوو.

" ڕێگای قازی قەت بەرمەدەن، هاوڕێی شەهید لە بیر مەکەن" کە خۆی ئەسڵێکی نەگۆڕی بزووتنەوەی کوردستانە، بۆ خۆی یەکێک لەو سروودە نەمرانەیە کە ساڵەهایە بووەتە ڕەمزی چڕین و بانگهێشتنی لاوان و هاتنی پۆل پۆلی لاوان بۆ نێو ڕیزەکانی شۆڕش. بەوپێیە تاهیری خەلیلی لە زومرەی ئەو هونەرمەندانەیە کە هونەرەکەیان بە هونەری بەرگری پێناسە دەکرێ و هونەری بەرگری نەتەنیا لەنێو کوردداندا بەڵکوو لەنێو هەموو گەلاندا ڕێزی لێ دەگیردرێ و ئەو گەلانەش کە قۆناغی ڕزگاری نەتەوەییشیان تێپەڕاندبێ، هێشتا هەر بەڕێزەوە لەو هونەرە دەڕوانن. بەمجۆرە هۆکاری سەرەکیی خۆشەویستیی تاهیری خەلیلی لەنێو خەڵکدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تاهیر بە هونەرەکەی سەنگەرێکی جوان و ڕازاوای دۆزی ڕەوای گەلەکەی خۆی بوو، بۆیە خەڵک خۆشیان ویست و ناو و یادی بۆ هەمیشەش لە دڵی نەتەوەکەیدا دەمێنێتەوە.

 تاهیری خەلیلی پێشتر ئاواتی خواستبوو لە کوردستان بمرێ و ئەو خۆزگەیەی ئەگەرچی بڕێک دوور لە زێد و شوێنی لەدایکبوونی خۆی هاتە دی ،بەڵام هەڵوێستی خەڵکی باشووری کوردستان و بەتایبەتی شاری سلێمانی وای کرد بۆ جارێکی دیکەش هاودڵییەکی جوان لە نێوان ڕۆژهەڵات و باشووردا پێک بێت. وەک چۆن ڕۆژی ناشتنی ئەو هونەرمەندە زەحمەت بوو جیاوازییەک لە نێوان هەستی ئامادەبووان بە ڕۆژهەڵاتی و باشوورییەوە ببینی. ئەوەش دیسان سەلمێنەری ئەوە بوو کورد لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان خاوەنی یەک پرس، ئەویش پرسی نەتەوەیی کوردە، کە ڕۆڵەیەکی هونەرمەندی ئەم نەتەوەیە ئەو هێمایانەی پێوە دیار بوو.

بەخۆشییەوە لە نێو کورداندا هونەرمەندی وەکوو تاهیری خەلیلیمان کەم نییە و هەرکام کەم و زۆر بە قەدەر توانایی خۆیان تەمەنی هونەریی خۆیان لە پێناو گەلەکەیاندا داناوە و کاریگەرییان حاشا هەڵنەگرە. تەنانەت چەندین هونەرمەندی دیاریش هەر لە ڕەوتی خەبات و لە نێو شۆڕشدا پێشمەرگانە و بە گوللەی دوژمن گیانی خۆیان پێشکەش بە ڕێگەی ڕزگاریی گەکەیان کردوە. بەڵام ئەوەی جێی داخ و کەسەرە ئەوەیە کە زۆرێک لە هونەرمەندانی ناوداری کورد بە کۆڵێک چەرمەسەری و بێبەشی لە ژیان کۆچی دوایی دەکەن و بەداخەوە بەهۆی دۆخی سیاسیی کورد و خەباتەکەی هەتا ئەوکاتەی لە ژیاندا ماون پاداشتی خزمەتەکانیان وەک‌خۆیان و بەپێی پێویست وەرناگرن و لە پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی ژین‌‌ئاوایی تاهیری خەلیلی دیسان ئەو بابەتە هاتەوە بەرباس. جیا لە بە جیددی وەرگرتنی ئەو گلەیی و ڕەخنەیە کە جێگای خۆیەتی، بەداخەوە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی و نەتەوەیی خۆی نییە هەتا ئەو ئەرکە گرینگە بگرێتە ئەستۆ و کەسانی ناوداری گەلەکەمان کە ژیانی خۆیان لە پێناو ڕزگاری گەلەکەیان دادەنێن، ئاوا بە غەریبی و دنیایەک ئاواتەوە و بێبەش لە خۆشییەکانی ژیان سەر نەنێنەوە. بەڵام بە دڵنیاییەوە خەباتی نەتەوایەتیی کورد و هەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ هەمیشە خۆیان قەرزباریان دەزانن و هێمن گوتەنی "نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا دەژین".

سڵاو لە گیانی پاکی هونەرمەندی پێشمەرگە تاهیری خەلیلی و نەمری بۆ ناو و خەباتەکەی.