کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"هەنگەژاڵ"، سەلاخ‌خانەکەی ئەم ڕۆژانەی کوردستان

20:29 - 10 سەرماوەز 2723

عەلی بداغی

خەڵک لە بیریان ناچێتەوە کە خومەینی لە ڕۆژانی یەکەمی دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و لە مزگێنیی دەرکەوتنی کۆماری ئیسلامیدا دەیگوت: "ئاو و بڕق و سووتەمەنی و هاتوچۆ بۆ هەموو خەڵکی ئێران بەخۆڕایی دەبن"، "بێکاری و هەژاری لە ئێرانی نوێدا نامێنن"، "دەست ڕاگرن، کرێنشینی کۆتایی دێ و هەمووتان دەبنە خاوەنی ماڵ"، "جیا لە دنیا و ئێستاتان، قیامەت و بەهەشتی خواشتان مسۆگەر دەگەین". ماوەیەکی کەم دوای ئەو وادەوبەڵێنە کە جیا لە کوردستان بەشی هەرەزۆری ناوچەکانی دیکەی ئێرانی پێ هەڵخەڵەتا، دەرکەوت کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێک نییە خەمی خەڵکی وڵاتی پێ خەمی خۆی بێ و بە حوکمڕانییەکەی، هەر ئەم دنیایەی ئێستای لە خەڵک کردە دۆزەخ و بەمجۆرە چی نەهامەتی و ڕۆژڕەشیی دنیا بوو لە سۆنگەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە ئاوقای خەڵکی وڵات بوو. لەو نێوەدا کوردستان لە چوار دەیەی ڕابردوودا بە بەردەوامی پتر لە شوێنەکانی دیکە باجی هەڵنەخەڵەتان و وشیاریی ئەوکاتی خۆی داوە و هەر کەس چاوی بکاتەوە دەبینێ کە ڕێژیم ڕۆژانە و بە شێوەی جۆراوجۆر تۆڵەی ئەو "نا"گوتنە لە کوردستان دەکاتەوە کە پرسی کوشتاری تەنانەت نائاسایی و نایاسایی خەڵک بەپێی قانوونەکانی خودی کۆماری ئیسلامییش لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان یەک لەوانە.

تەنیا لە ماوەی دوو مانگ و دە ڕۆژی پاییزی ئەمساڵدا ١٣٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دراونەتە بەر دەستڕێژ کە ١٢ کەس لەوان کوژراون. لەو ١٣٥ کۆڵبەرە نیزیک بە ٩٠ کەسیان لە ناوچەی سنووریی هەنگەژاڵی بانەدا کەوتوونەتە بەر پەلاماری هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی. هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە شەش مانگی بەهار و هاوینی ئەمساڵیشدا ٨٣ کۆڵبەریان دابووە بەر دەستڕێژ و بەو پێیە ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا دراونەتە بەر گوللە ٢١٨ کەس بووە کە ٢٧ کەسیان کوژراون و ١٩١ کەسیان بریندار بوون. ئەوە کە پارەکەش ٢٢٥ کەس لە کوردستان لە کۆڵبەریدا کەوتبوونە بەر دەستڕێژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، نیشانەی هەرەئاشکرای قووڵبوونەوەی قەیرانی هەژاری و بێکاریی سیستماتیکی داسەپاو بە سەر کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی تارانە کە وای کردوە پارووە نانێک بۆ کورد بچێتە سەر پشتی شێر.

ئاوڕێکی کورت بۆ ئامارە ڕەسمییەکانی بێکاری، هەژاری، داماوی و دواکەوتنی پەرەسەندنە ئابووری و مرۆییەکان لە چوار پارێزگاکەی کوردستان کە لە باشترین حاڵەتدا دوو هیندە و هەندێک جار چەند هیندەی ناوچەکانی دەرەوەی کوردستانە، پێمان دەڵێ سەرەکیی هۆکاری ڕووتێکردنی بەلێشاوی خەڵک لە پیر و لاو، ژن و منداڵ بۆ کۆڵبەری تەنیا و تەنیا بۆ نەبوونی ژێرخانە ئابوورییەکان، دەستنەکەوتنی هەلی کار و دەستەوەستان مانەوە لە دابینکردنی بژیوی ژیان لە کوردستان دەگەڕێتەوە؛ بۆیە لەگەڵ ئەوەدا کە دەزانن بە ئەگەری زۆری گیانیان لەپێناو ئەو پارووە نانەدا دادەنێن، دیسانەکەش بەناچار پەنای بۆ دەبەن. لە ساڵانی ڕابردووشدا بەهۆی پەرەسەندنی زیاتری هەژاری و بێکاری و قەیرانی ئابوورییەوە کە بارگرانیی چەندقاتی لەسەر بنەماڵەکان دروست کردوە، ژنان سەرپەرستی خێزان و لاوانی دەرچووی زانکۆکانیش بە ڕێژەیەکی زیاتر ڕوویان لە کۆڵبەری کردوە. هەروەها بەهۆی قەیرانە ئابوورییەکان لە وڵات کە دەرەنجامەکەی داخرانی سەدان کارگا و کارخانە و لەو سۆنگەیەوە بێکاریی دەیان هەزار کرێکار بووە؛ ئەو کۆمەڵە کرێکارە کوردەش کە پێشتر بۆ کار ڕوویان لە یەکە بەرهەمهێنەکانی شارەکانی دەرەوەی کوردستان کردبوو، گەڕاونەتەوە کوردستان و بەناچار بەشی زۆریان ڕوویان لە کۆڵبەری کردوە. بەڵام کۆی ئەو دۆخە کارەساتبارە نەک نەبووەتە هۆی ئەوەی کاربەدەستانی حکوومەت ڕێوشوێنێک بۆ چارەسەری قەیرانەکانی وڵات بدۆزنەوە، بەڵام لە سەرکوتی زیاتری ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و کوشتوبڕەکاندا، وەستاتر و لێبڕاوتر هاتوونە پێشێ و بە هاڕینی ژیان و گیانی کۆڵبەران و بنەماڵەکانیان و چین‌وتوێژە مافخوازەکانی دیکەی کۆمەڵ چەرخی وەبەرهێنان و قازانج‌کردنەکانیان هەڵدەسووڕێنن.

لەو نێوەدا ئەوەی ونە و نادیارە و کەس باسی ناکا ڕۆڵی ئەو کەسانەیە کە جڵەوی هاوردە و بازرگانییە نایاساییەکانی سنووریان لەدەست دایە و هەموو کاربەدەستانی رێژیم و بازرگان و دەست‌وپێوەندییەکانی خوارەوە سەر بە خۆیانن کە بە کەلک‌وەرگرن لە ڕانت، دەسەڵات و چەوساندنەوەی کۆڵبەران قازانجە سەرەکی و زۆروزەوەندەکە ئەوان دەیکەن و سروشتییە کە ناشیانهەوێ لێیان تێک‌بچێت. ئەگینا کێیە نەزانێ ئەو کۆڵبەرانەی ڕێگای هات‌ونەهات دەبڕن و خۆیان بەرەوڕووی مەترسییەکانی فیشەکی گەرم و شەختەوسەهۆڵی سروشت و هەڵدێران و تەقینەوەی مین لەبن پێیاندا دەکەنەوە، کەمترین قازانج لەو بازاڕەیان پێ دەبڕێ و ئەوە سێحەب‌بار و بازرگانان و دەستوپێوەندییەکانی بەرپرسانی ڕێژیمن کە دوور لە هەموو ئەو مەترسییانە قازانجە زۆرەکەی دەچێتە گیرفانیان.

بێگومان گرینگترین هۆکاری هانابردنی خەڵکی کوردستان بۆ کۆڵبەری دوو شتە: یەکەم ڕوانگە ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان و لەو سۆنگەیەوە ڕەگداکوتانی هەڵاواردن و بێبەشی لە هەرچەشنە پەرەسەندنی ئابووری و مرۆیی. دووهەمینیش کە دەرەنجانی هۆکاری یەکەمە، بێکاری و هەژاریی چەندقات لە کوردستان لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێران. مەسەلە ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان چ کۆڵبەری بکەن یان ڕووی لێ وەرگێڕن، چارەنووسیان ئاوێتەی هەژاری و مردنە و هیچ دەروویەکی ڕوون بۆ دەربازبوون لە دۆخی ژیانیان نابینن و کۆڵبەری هەڵبژاردەیەکی داسەپاوە. لەو نێوەدا حکوومت سەرەڕای ئەوەی زۆرترین قازانجی ئەو بازاڕە دەچێتە باخەڵی، دوو کاری کردوە:

یەکەم؛ هەموو بەرپرسایەتییەکانی گیانپارێزیی ئەو خەڵکە داماوەی لە کۆڵ خۆی کردووەتەوە و لەبری چارەسەری بنەڕەتیی قەیرانەکان و هەڵگرتنی ڕوانگەی ئەمنیەتی لەسەر کوردستان دەیەوێ بە میکانیزمی پێدانی پسوولەی کۆڵبەریی یاسایی ئەو دیاردەیە بەڕەسم بناسی؛ ئەویش لە کاتێکدا کە کۆڵبەری کار و ئەو بەناومشوورخواردنەی رێژیمیش دابینکردنی هەلی کاری نییە تا لەو ڕێگەیەوە نرخی ڕەسمیی بێکاری لە کوردستانی پێ دابەزێنێ.

دووهەم؛ بە ڕاگەیاندنی کۆڵبەری بە قاچاغ و ناقانوونی دەستی هێزە چەکدارەکانی ئاوەڵا گرتوە کەوکوژی سێرە لە کۆڵبەران بگرن و بە ڕەشەکوژییەکانیان و سیاسەتی دووفاقەیان هیندەی دیکە پەرە بە قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان بدەن.

بەوپێیە دیاردەی کۆڵبەری لە کوردستان و دیارە هاوچەشنەکانی وەک هێنان و بردنی سووتەمەنی لە بەلوچستان کاتێک نامێنێ کە ڕوانگەی ئەمنیەتیی ناوەند لەسەر کوردستان و ناوچە پەراوێزخراوەکانی دیکەی ئێران لابچێ و لەبری ئەوە نەک دەرفەتی کاری، بیمەی بێکاری و ستانداردەکانی ژیان و کەرامەتی مرۆیی بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دابین ببێ، بەڵکوو هەوڵ بدرێ بە سیاسەتی هەڵاواردنی موسبەت لە هەموو بوارەکانی وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، وەبەرهێنان و گەشتیاری و هتد نیزیک بە یەک سەدە پەرەنەسەندنی بەپلان، وەلانان و لەدواکەوتووییدا ڕاگیرانی سیستماتیکی حکوومەتییان بۆ قەرەبوو بکرێتەوە. بەڵام ئەوە نە لە باوەڕی کۆماری ئیسلامی و نە لە تواناکانیدا دەگونجێت.