کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی ڕێژیم لە ناوڕەمزێک، "ژینا"

02:58 - 20 سەرماوەز 2723

سمایل شەرەفی

ڕۆژی هەینیی ڕابردوو (١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢) دایک و باوک و برای جوانەمەرگ، ژینا ئەمینی کە بە مەبەستی بەشداریی لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ساخارۆف بە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و ژینا دەیانهەویست بەرەو وڵاتی فەڕانسە سەفەر بکەن، لە فرۆکەخانەی خومەینی لە شاری تاران پێیان ڕاگەیەندرا کە چوونەدەر لە وڵاتیان لێ قەدەغە کراوە. کاتێک کە کاک ئەمجەدی ئەمینی، باوکی ژینا بەدواداچوون بۆ ئەم بڕیارە دەکات، دەردەکەوێت بڕیارەکە هی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمە و ئەم بنەماڵەیە تا ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانبار ئیزنی چوونەدەر لە ئێرانیان پێ‌نادرێ. ئەوە لە کاتێک‌دایە کە هیچ ناوەندێکی یاسایی پێوەندیدار لەو بارەو پێشتر هیچ ڕوونکردنەوە و بڕیارێکی ئەوتۆیان بە بنەماڵەی ئەمینی ڕانەگەیاندوە.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی باوکی ژینا لەم پێوەندییەدا هاتووە، جیا لەوەیکە ئەوانە باوک و دایکی ژینا ئەمینین، هیچ هۆکارێکی دیکە بۆ قەدەغەبوونی سەفەری دەرەوەی وڵاتی ئەوان نیە و نەبووە. بەڵام وەک موژگان خاتوونی دایکی ژینا لە پەیامێکی ئینستاگرامی‌دا نووسیبووی، "ئەوانە چەندە کاڵفامن کە نازانن لەگەڵ هەر خۆرهەڵاتنێک دیسان لەگەڵ ناوی ژینا چیان پێ دەکرێ؟"

کۆماری ئیسلامی ئێران و ئێستا کە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەم ڕێژیمە وەها بڕیارێکی داوە، دیارە کە چەندە لە پەیامی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە بە ناوی ژینا و بە کارەساتێک کە بەسەر ژینادا هێندرا دەستی پێ کرد، دەترسن و لێی هەراسانن. ئەوان باش دەزانن دوای کوشتنی ژینا و سەرهەڵدانی جەماوەریی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی، پێگەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی و ژینا و ئارمیتا و کیان و خودانوورەکان چ پێگەیەکی مەعنەوی لە بیروڕای گشتیی خەڵکی وڵات و جیهان‌دا وەرگرتوە. بۆیە لە حزووری ئەم کەسانە لە ڕێوڕەسمی خەڵاتێکی جیهانیی بە بزووتنەوەیەکی ڕەوا دەترسن. بزووتنەوەیەک کە تەخت و بەختی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە تەواویەتی خۆیدا لە مەرگ و ڕووخان نزیکتر لە هەمیشە کردەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەزارەتی بەدناو و سەرکوتکەری ئیتلاعات کە ماوەیەکی زەمانیی دیاریکراویان بۆ پێشگرتن لە سەفەری بنەماڵەی ژینا بۆ دەرەوەی وڵات دیاریکردوە، پێیان وایە دەتوانن بە پێشگرتن لە حزووری دایک و باوکی ژینا لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی ئەم خەڵاتە، دەتوانن لە ئەهمییەت و گرینگیی ئەم خەڵاتە و پەیامەکانی کە پشتیوانی لە بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران و ڕەوایی بەخشینی زیاتر بە بزووتنەوەی ژینایە، کەم بکەنەوە. کاڵفامبوونی ئەم ڕێژیمە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی نوبڵی ئاشتی بە خانمی نەرگسی محەممەدی زیاتر دەردەکەوێ کە، لە کاتێک‌دا خودی وەرگری خەڵاتەکە، نەرگس خۆی لە زیندانە، کەچی ڕێوڕەسمێکی بەو شێوە بەشکۆیەی بۆ بەڕێوەدەچێ کە دوێنی یەکشەممە لە ئۆسلۆی پێتەختی وڵاتی نۆروێژ بەڕێوەچوو. ڕێوڕەسمێک کە لە نەبوونی حزووری نەرگس محەممەدی و بەندکردنی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا، بە دەیان و سەدان کەس لە کەسایەتییە ناودارە بیانی و ئێرانییەکان تیایدا بەشدار بوون و ماهییەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تێدا تڕۆ کرا.

کاتێک کە جێگری یەکەمی دادستانی گشتیی شاری تاران، لە وڵامی ناڕەزایەتی‌دەربڕینی باوکی ژینا ئەمینیدا دەڵێت، بڕیاری قەدەغەکردنی سەفەرەکەیان لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دراوە، چ شتێک دەمێنێتەوە بۆ وتن جیا لە بەتاڵبوونی جێگە و پێگەی یاسا لەم نیزامە نایاساییەدا. وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم بە پێی کام ڕێوشوێنی یاسایی دەتوانێ بڕیارێکی ئەوتۆ بدات؟! ئەم بڕیارە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، جیا لەوەیکە سەلمێنەری نایاساییبوونی خودی بڕیارەکە و لە ئەساسدا بەهیچگرتنی یاسا لەم نیزامەدایە، دەرخەری جۆری تێڕوانینی ڕێژیم بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران بەتایبەت بزووتنەوەی ژینایە. ڕوانینێکی تەواو ئەمنیەتی کە دەستی هەموو دامودەزگا ئەمنیەتی و سەرکوتکەرەکان بۆ لێدان و کپکردنی بە ئاوەڵەیی دەهێڵێتەوە. ڕوانینەکە بە کورتی ئەمەیە کە؛ ئەم بزووتنەوە مافخوازانەیە – هەڵبەت بە قەولی ڕێژیم ئێغتشاش و ئاژاوانە – دەسکردی ئیستکباری جیهانی و عەواملی دەرەوەی وڵاتن و پێویستە بە شێوەی سەخت بەرخوردیان لەگەڵ بکرێ. کەوابوو هیچ پێوەندییەکی بە ئەمری سیاسی و ناوەندە سیاسی و دەوڵەتییەکانەوە نیە و ئەرکی کۆتاییپێهێنان و سەرکوتکردنی دەکەوێتە سەر ناوەندە ئەمینییەتییەکانی وەک وەزارەتی ئیتلاعات!

بەڵام ڕاست بەپێچەوانەی ڕوانگە و خوێندنەوەکانی ڕێژیم، بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران و بەتایبەت بزووتنەوەی نوێی خەڵکی وڵات، بزووتنەوەی ژینا، هەڵقوڵای هەناوی کۆمەڵگەی ئێران و پەیامەکەشی لە ئێستادا تەواو ڕوونە؛ تێپەڕین لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بنیاتنانی ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیک. بە خۆشییەوە بزووتنەوەکەش لە ئاستی کۆڕوکۆمەڵی جیهانیدا خاوەنی پشتیوانییە و دانی خەڵاتی ساخارۆف بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی و پێشکەشکردنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە نەرگس محەممەدیش، سەلمێنەری ئەم واقعیەتەیە.