کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵاتی ساخارۆف و دەرفەتێک بۆ نیشاندانی نەجابەتی مرۆڤ

01:36 - 23 سەرماوەز 2723

مەنسوور مروەتی

یەکیەتیی ئورووپا ئەمساڵ خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادیی ئەندیشەی پێشکەشی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرد. هەر بەم بۆنەیەوە ڕۆژی سێشەممە لە بارەگای پاڕلمانی یەکیەتیی ئورووپا لە ستراسبۆرگی فەرانسە و، لە ڕێوڕەسمێکی سەرنجڕاکێشدا ئەو خەڵاتە پێشکەشی پارێزەری بەناوبانگی کورد دوکتور محەممەدساڵەحی نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی و ئەفسوون نەجەفی خوشکی حەدیس نەجەفی لە گیان‌بەختکردوانی ئەو شۆڕشە و مرسێدە شاهین‌کار لە بریندارانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی کرا. ئەگەرچی بە بڕیاری وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران ڕێگە نەدرا بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمەکە لە ئێران بچنە دەرەوە، بەڵام ئەلحەق بەڕێز محەممەدساڵح نیکبەخت بە باشترین شێوە هەم نوێنەرایەتیی بنەماڵەی ژینا و هەم بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیی لە کوردستان و ئێران کرد. ئەم پارێزەرە دەروەست و ئازایە لە پاڕلمانی ئورووپا جیا لەوەی وەک یاساناسێکی نەجیب دەرکەوت، تەنانەت بە شێوەیەکی باشیش نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی مەدەنی، سیاسیی کوردستانیشی کرد.

لە یەک ساڵی ڕابردوودا کە شۆڕشی ژینا بە شێوەیەکی مەدنیانە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و هەموو ئێرانی گرتەوە و بە گوێی دنیا گەیشت، ڕەوتی فاشیستی ناوەندگەرا هاوتەریب لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەوڵی ئەوەیان دەدا ڕەسەنایەتیی ئەو شۆڕشە و شوێنی سەرهەڵدانی ئەو شۆڕشە مودێڕنە بشارنەوە وحاشای لێ‌بکەن، بەداخێکی گرانەوە تەنانەت لە کاتی پێدانی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل کە یەک هەفتە پێشتر بەخشرایە نێرگس محەممەدی چالاکی مافی مرۆڤ کە بۆ خۆی بەداخەوە ئێستا لە زیندانی ڕژیمی ئێران‌دایە، هیچ ئاماژەیەک بە سەرچاوە و ڕەسەنایەتیی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و لە پەیامەکەی بەڕێزیشیاندا هیچ ئاماژەیەک بەو بابەتە نەکرا. بەڵام لە پاڕلمانی ئورووپا بەڕێز نیکبەخت بەو کورتە لێدوانەی خۆی و بە خوێندنەوەی پەیامی دایکی ژینا ئەمینی بۆ بەشداران، ڕاستییەکانی شۆڕشی ژینای بەتایبەتی بۆ ئورووپاییەکان خستەڕوو. ئەو هەم باسی کوردستان و ژینگەی ژینای کرد و هەم دروشمەکەی وەک خۆی بە کوردی گوتەوە.

کاک محەممەد ساڵح نیکبەخت، وەکوو پارێزەرێکی وردبین و لە هەمانکاتدا بەرپرس لە بەرانبەر مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەکەیدا، لە سەرەتای خوێندنەوەی پەیامەکەی موژگان ئیفتخاریی دایکی ژینادا، وەکوو یاساناسێک و دڵسۆزێکی نەتەوەکەی بە دەقیقی قامکی لەسەر کەموکۆڕییەکی ڕێوڕەسمەکە دانا کە ئەویش نەبوونی وەرگێڕی زمانی کوردی بوو. ناوبراو گوتی لەبەر ئەوەی بەشێکی پەیامەکەی دایکی ژینا بە زمانی کوردییە و لێرەشدا وەرگێڕ بۆ زمانی کوردی دانەنراوە جێگای داخە و هیوادارم ڕۆژێک وەرگێڕ بۆ زمانی کوردی وەکوو زمانەکانی دیکە دابنێن.

لێدوانە کورتەکەی بەڕێز نیکبەخت و پەیامەکەی دایکی ژینا جیا لە نێوەرۆکەکەی لە پەراوێزدا چەند خاڵێکی سەرنجڕاکێشی تێدا بوو: یەکەم نیشاندانی ڕواڵەتی بەفەرهەنگ و ئەمڕۆیی و خوێندەواری کورد کە لە هەیبەتی ئەم پارێزەرە نەجیبەدا بەڕوونی دیار بوو. ئەوە جارێکی دیکەش پێمان دەڵێ کوردیش لە ئاستی دنیادا قسەی بۆ گوتن هەیە ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، هەروەها بۆ خۆشی دەبێ بتوانێ لە دەرفەتەکان لێبڕاوانە داکۆکی لە مافەکانی گەلەکەی بکا و بە گوێی دنیای بگەیەنێ کە لەم بەشەدا کورد و بەتایبەتی کەسایەتی و هێزە سیاسیەکانی بەتایبەتی لەم یەک ساڵەی ڕابردوودا ڕەخنەی جیددیان لە سەرە.

دووهەم ئەوەی کورد و بەتایبەتی هێزە سیاسیەکانی لە وڵاتانی دەرەوە تا ئێستاشی لەگەڵ بێ کاریان بۆ لۆبی‌سازی و لۆبییەکی بەهێز بۆ کورد نەکردووتەوە و لەوەش زیاتر کاریان بۆ ئەوە نەکردووە کە پرسی کورد لە ئاستی نێوخۆیی ئێران بهێننە دەرێ و بیکەنە پرسێکی نێودەوڵەتی و هەوڵی ڕاکێشانی پشتیوانیی بۆ بدەن. بابەتێک کە ڕێبەری ناوداری کورد دوکتور قاسملوو ڕچەکەی شکاند و هەوڵی زۆری بۆ دا. بۆ ئەم بابەتە دەتوانین بڵێین بە لەبەرچاوگرتنی خەباتی مەدەنییانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لەم دوو دەیەی ڕابردوودا، زەمینەیەکی باش لەبەردەست‌دایە کە پرس و خەبات و ویجهەی کورد وەک خۆی بە دنیا بناسێنرێ و هاوکاتیش بەرپەرچی نەیارانی پێ بدرێتەوە. بەخۆشییەوە تێکۆشەرانی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات لەم بوارەدا خاوەن سەرمایەیەکی باشن بەڵام بەداخەوە سەرمایەیەک کە پرش و بڵاوە و نەخراوەتە سەریەک.

لە کۆتاییدا و جێی خۆیەتی لە دوای ئەو هەموو نیگەرانییەی کە بە هۆی شاردنەوە و کەتمان کردن و باس نەکرانی ڕاستیەکانی ئاخێزگە و بزوێنەری شۆڕشی ژینا بەهۆی نەیارانی کوردەوە، لەنێو بزووتنەوەی کوردستاندا هاتبووە ئاراوە، سپاسی یەکیەتیی ئورووپا بکرێ بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتەی کورد بۆ خۆی باس لە ڕاستییەکانی شۆڕشی ژینا بکات. هەروەها سپاس بۆ خۆڕاگریی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا و خۆڕاگریی بنەماڵەی ژینا ئەمینی و سپاسێکی تایبەتیتر بۆ پارێزەری دەروەست دوکتور محەمەد ساڵەحی نیکبەخت.