کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی دادگای سوئێد، وەک سەرەتایەکی باش

02:27 - 30 سەرماوەز 2723

مەنسوور مروەتی

 ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی دادگای پێداچوونەوەی سوئێد بۆ دواجار حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بۆ حەمید نووری ناسراو بە حەمید عەبباسی، یەکێک لە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج پەسند کرد کە، بەپێی بەڵگەکان و شایەتیدانی شایەتەکان دەستی لە کوشتنی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ٦٧ی هەتاویدا بووە.

لە ماوەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی دادگادا لەگەڵ بەڵگەی زۆر، زیاتر لە ٥٠ زیندانیی سیاسیی پێشوو دژی نووری شایەتییان دا کە ئەم کەسەیان لە ڕەوتی دادگاییە چەند خولەکییەکانی خۆیاندا لە دادگا دیوە یان تەنانەت بە دەستی ئەو ئەشکەنجە کراون. کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە ئێران کە لەودا هەزاران زیندانیی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی کۆمەڵکوژ کران، خۆی یەکێک لە گرینگترین ڕووداو و لەهەمان کاتدا یەکێک لە گەورەترین جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە لە دادگای سوئێدیشدا بە جینایەتی جەنگی ناوی هات. ئەم جینایەتە بەفەرمانی خومەینی و بە سەرپەرستیی تیمێک بەڕێوەچوو کە هەموویان لە بەرپرسانی باڵای حکوومەت بوون و یەک‌لەوان ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرکۆماری ئێستای ئێرانە. بۆیە پێکهاتنی ئەم دادگایە و ڕاکێشانی یەکێک لە تاوانبارانی هاوینی ٦٧ بۆ بەردەم دادگا و لە کۆتاییدا حوکمی کۆتایی و پەسندکرانی هەمان حوکم لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی سوئێدەوە، خۆی یەکێک لە گرینگترین ڕووداوەکان و دەسکەوتێکی گەورە بۆ ئوپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییە کە لە پاش دادگای میکۆنۆس بۆ جارێکی دیکەش بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی تیایدا بە سزا دەگەیەندرێن و ئەمە بە ڕادەیەکی زۆر بووەتە مایەی خۆشحاڵیی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی ئەو بنەماڵانەی کە ئازیزانیان لەو ساڵەدا بە دەستی ئینسان‌کوژەکانی کۆماری ئیسلامی گیان و ژیانیان لێ ئەستێنرا. ئەوکات لەگەڵ داوای داوکاری گشتیی سوئێد و گوێنەدانی دادگای سوئێد بە دژکردەوەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەگەری دەرچوونی حوکمی کۆتایی، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییش ڕایگەیاندبوو کە تا کۆتایی ئەم مانگە ئەحمەدڕەزا جەلالی لە زیندانی ئێوین لە تاران لە سێدارە دەدا. ئەحمەد ڕەزا جەلالی، پزیشک و لێکۆڵەرێکی ئێرانی_ سوئێدییە کە بانەمەڕی ساڵی ٩٥ دوای بەشداریی لە کۆنفرانسێکی زانستی لە تاران، بە تۆمەتی جاسووسی بۆ ئیسرائیل لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و دوای چەندین مانگ زیندانی تاکەکەسی و شکەنجەی زۆر، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپا. هەڵبەت دەسبەسەرکردنی کەسانی وەکوو جەلالی و لە ڕاستیدا بە بارمتەگرتنیان بە مەبەستی تایبەتی و بەرچەسپلێدانیان بە تاوانی جاسووسی بۆ ئیسرائیل، ڕووداوێکی تازە نییە و لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا زۆر وێنەی هاوشێوە دەبینرێ کە کۆماری ئیسلامی بۆ باجگیری و مەبەستەکانی خۆی بەکاریان دێنێ.

هەر ئێستاکەش ڕێک یەک ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی پەسندکرانی حوکمی کۆتایی حەمید نووری لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی سوئێدەوە، دیسان دەزگای قەزایی ئێران ڕایگەیاند کە "یووهان فلۆدرۆس"، هاووڵاتیی سوئێدی و دیپلۆماتی یەکیەتیی ئورووپا کە ٦٠٠ ڕۆژە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لە تاران دەسبەسەر کراوە، لە دادگای شۆڕشی تاران بە "فساد فی الارض" تۆمەتبار کراوە. ئاشکرایە هەموو ئەوانەی کە باسکرا لە لایەن ئێرانەوە بۆ باجگرتن لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکایی کەڵکی لێوەردەگیرێ و لە بەرانبەر پارەیەکی زۆر یان ئازادکردنی تێرۆریستانی خۆیان لە زیندانی وڵاتانی ئورووپایی ئازاد دەکرێن.

ئەوەی لێرەدا جێی سەرنج و لە هەمان کاتدا ڕەخنەیە ئەوەیە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکان و دادگای دادی نێودەوڵەتی هەتا ئێستاش لە بەرانبەر ئەو باجگیری و جینایەتانەی ئێراندا نەرمییان نواندوە. هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئێران بەردەوام لەو چەکە بەرانبەر بە خەڵکی خۆی و خەڵکی دیکەش کەڵک وەربگرێ. خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج لە قەزیەی حەمیدی نووریدا ئەوەیە کە وەک لە قسەکانی ئەم تاوانبارەدا دەردەکەوێ و بەئاشکرا باسی دەکا، حەمیدی نووری پاسدارێک بووە کە لە سەرەتای فەرمان و فتوای خومەینی و هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی کورد هاتۆتە کوردستان و لە ماوەی ساڵانی ١٣٥٩ تا ١٣٦١ لە کوردستان بووە و شەڕی خەڵکی کوردستانی کردوە، لە پاشان بردوویانەتەوە بۆ تاران و لە زیندانی گەوهەردەشت و لە شوێنەکانی دیکە کاریان پێ سپاردوە. ئەو ساڵانە و دواتریش هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هەر لە ڕێگەی کەسانی وەک حەمیدی نوورییەوە لە کوردستان دەیان و سەدان تاوانی دژە مرۆییان بەدژی خەڵکی کوردستان، هەر لە ئێعدام و کوشتنی بە کۆمەڵەوە بگرە تا کۆچی زۆرەملێ و سووتان و وێرانکردنی ئاواییەکانی کوردستان ئەنجام داوە. لە ڕاستیدا حەمید نووری یەکێک لەو تاوانبارانەی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە جینایەتی دژە مرۆیی لە کوردستانە و بێگومان خەڵکی کوردستانیش بە ئاکامی حوکمی دادگای سوئێد خۆشحاڵن بەڵام بەداخەوە جگە لە دادگای میکۆنۆس هەتا ئێستا هیچ جینایەتکارێکی ڕژیم لە هیچکوێ و لە هیچ دادگایەک‌دا لەسەر ئەو جینایەتانە دادگایی نەکراون. ئەڵبەتە خاڵی جیددی و جێی ڕەخنە لە سەر بزووتنەوەی کوردستانیش ئەوەیە تا ئێستا هیچ جینایەتێکی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بەڵگەمەند نەکراوە و هیچ ناوەندێکیش بۆ بەڵگەمەندکردنی ئەو جینایاتانە لە کوردستان بوونی نییە و دادگاش لە هەر وڵات و ڕێکخراوێکیش بێ، بەبێ بەڵگە دەست بۆ هیچ کەس و هیچ کەیسێک نابا.

 لە پەروەندەی ئیعدامکراوانی ساڵی ٦٧ بە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، حەمید نووری یەکەم کەسە کە بە داوی عەدالەتەوە بوو و دادگایی کرا و حوکم درا. بەو هیوایە کە ئەوە سەرەتایەک بێ بۆ گیران و سپاردنە دەستی عەدالەت و پێکهێنانی دادگایەکی دادوپەروەرانە بۆ هەموو تاوانبارانی سەربە کۆماری ئیسلامیی ئێران.