کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستیی تێپەڕین لە ستراتیژیی گەمارۆ و سزادان

02:52 - 3 بەفرانبار 2723

عەلی بداغی

دەوڵەتی بریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی سەرماوەز ڕایگەیاند خولی نوێی گەمارۆ و سزاکانی لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پڕۆژە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی ئەم ڕێژیمەی خستووەتە بواری جێبەجێ‌کردنەوە. قائانی، فەرماندەی سپای قودس، تەواوەتیی لقی فەلەستینی سپای پاسداران و ٦ فەرماندەی سپا لەوانەن کە ئەم سزا نوێیانە گرتوونیەوە. هاوکات لە تازەترین نوێکردنەوەی لیستی سزادانەکانی ئێراندا ٢٠ کەس و دامەزراوەی دیکەی کۆماری ئیسلامی لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشەوە گەمارۆیان خرایە سەر. بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ئەو ٢٠ کەس و دامەزراوەیەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی بەشدارییان لە ڕایەڵەکانی ئاسانکاری بۆ گواستنەوە داراییەکانی وەزارەتی بەرگری و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بەتایبەت سپای پاسداراندا سزا دراون.

مێژووی سزادان و گەمارۆخستنەسەر کۆماری ئیسلامی لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانییەوە بە قەت هەموو مێژووی ئەو ڕێژیمەیە. هێشتا ٨ مانگ لە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی تێ‌نەپەڕیبوو کە ئەمریکا لەسۆنگەی داگیرکرانی باڵوێزخانەکەی لە تاران و بەبارمتەگیرانی دیپڵۆمات و فەرمانبەرەکانی سزای ئابووریی جۆراوجۆری بەسەر ئێراندا سەپاند کە گرینگترینیان دەست‌بەسەرداگرتنی داراییەکانی ئێران لەو وڵاتە بوو. دواتر ئاشکرابوونی هەوڵە نایاسایی و بەنهێنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم و پەرەدان بە تێکنۆلۆژیی ئەتومی و مووشەکییەکەی بوونە هۆی ئەوەی نەک‌ هەر لەلایەن ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپاوە، بەڵکوو لەلایەن شوڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە سزای بخرێتەسەر، کە دواتر گەمارۆی تاکلایەنەی چەند وڵاتێکی زلهێزی جیهانی و ناوچەییشی لەدژی ئێران لێ زیاد کرا. لیستی ڕەشی سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی لە سۆنگەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیشەوە کە هەم تاکلایەنە لەلایەن وڵاتان و هەم لەلایەن یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکاوە -بەتایبەت دوای سەرکوتی خوێناویی خۆپێشاندەران لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٣٩٦، خەزەڵوەری ١٣٩٨ و شۆڕشی ژینا لە پاییزی ١٤٠١دا- کە بەسەر ڕێژیمی ئێراندا سەپاون؛ بەشێکی تری سزاکانی کۆمەڵگەی جیهانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێک‌دێنن.

گەمارۆکانی سەر ئێران لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، زانستی، تێکنۆلۆژی و کڕین‌وفرۆشتنی چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی شەڕ، و قورسترینیان سزاخستنەسەر کەرتی نەوت و وزە و بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی بووە. ئەم گەمارۆیانە لەڕووی ئابوورییەوە زەبری قورسیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران داوە، بۆ نموونە لەسۆنگەی سزاکانەوە و بەپێی داتا ڕەسمییەکان سەتا ٩٦ی پاشکەوتی دراویی ئێرانی تەواو کردوە، بووەتە هۆی ئەوەی بارستایی ئابووریی ئێران و بەرهەمهێنانی پاک‌نەکراوی نێوخۆیی وڵاتی نیوە بە نیوە چکۆلەتر و کەمتر بێتەوە، ڕێ لە وەبەرهێنانی بیانی و هاتنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئێران بگیردرێ، پیشەسازیی وڵات بەتایبەت لە کەرتی نەوت و وزەدا هەرەس‌ بێنێ، بارستایی بازرگانیی وڵات لەگەڵ دنیای دەرەوە بە لانیکەمی خۆی بگات، هەڵمسانی ئابووری و زۆربوونی نەختینەیی بگاتە ئەوپەڕی خۆی و دیارترین پێوەریش کە تمەن وەک دراوی نیشتمانییە کە لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی و لەسۆنگەی چوار دەیە سیاسەتەکانی ڕێژیم و گەمارۆ ئابوورییەکانەوە ٦ هەزار هیندەی سەردەمی ڕێژیمی پێشوو لە بایەخەکەی کەم بۆتەوە.

سزاکانی سەر ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا لەجێدا بە مەبەستی گۆڕینی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی و وەڵامدەرکردنی کاربەدەستانی ڕێژیم لەمەڕ سیاسەتی شەڕەنگێزانە، تێکدەرانە و دەستێوەردەرانەیان و ناچارکردنیان بە پاشەکشە لەبەرانبەر ئیرادە و مافخوازیی خەڵکە سەرکوتکراوەکەی وڵات بووە. بەو پێیەی باس کرا، گومان لەوەدا نییە هەم گەمارۆ سیاسی و ئابوورییەکان و هەم سزا ئامانجدارەکانی کۆمەڵگەی جیهانی لە بواری پێشێلکردنی مافی مرۆڤدا کاریگەریی قووڵ و نەرێنیی زۆری لەسەر ئابووریی ڕێژیم و دۆخی خەڵک و کۆمەڵگە داناوە، بەڵام لەجێدا نەیتوانیوە ڕەفتار و سیاسەتی ڕێژیم بگۆڕێ. ئەم گەمارۆیانە توانای کڕین و قووتی خەڵکی ئێرانیان کەم کردۆتەوە، بەڵام پێشیان بە پیشەسازیی چەک و کەرەستەی شەڕ و پەرەسەندنی بەرنامەی ئەتومی و مووشەکیی ڕێژیم نەگرتوە. بە واتایەکی دی ڕاستە سزا و گەمارۆکان کە گوشاریان بۆ سەر ڕێژیم دروست کردوە، بەڵام ئامانجی سەرەکیی خۆیان نەپێکاوە و لەبری بەچۆکداهێنانی دەسەڵات و ملکەچکردنی ڕێژیمی ئاژاوەچی و قەیرانخوڵقین، خەڵک و کۆمەڵگەی وڵاتیان پتر خستووەتە تەنگانەوە.

لەبارەی بنەڕەتی سزا و گەمارۆکانی سەر ڕێژیمەوە  باس لە دوو خاڵ گرینگە:

یەکەم، ڕێژیم توانیویەتی سەرەڕای گەمارۆ سەخت و هەلایەنەکان بەڵام لە بوارەکانی سیاسی و نیزامیدا خۆیانی لەگەڵ بگونجێنێ و بەرنامە و پڕۆژەکانی خۆی بباتە پێشێ. کەوابوو ئەمە گەمارۆکانن کە نەیانتوانیوە مەبەستە سەرەکییەکانی خۆیان – لە گۆڕینی سیاسەت و ڕەفتاری ڕێژیم و پێشگرتن بە بەرنامەی ئەتومی و توانا مووشەکییەکانی- بپێکن.

دووهەم، پێویستە ڕوانگەی کۆمەڵگەی جیهانی بەتایبەت لەدوای شۆڕشی ژیناوە لەپێوەندی لەگەڵ سیاسەتی سزادانی کۆماری ئیسلامی ئاڵوگۆڕی بەسەر دابێ. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەتایبەت ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا و بەگشتی ڕۆژئاوا و وڵاتە دێموکراتیکەکانی دیکە نابێ و ناکرێ هەر پێ لەسەر سیاسەتی سەرکۆنە و سزادانی ڕێژیم دابگرن. خەڵکی سەرکوتکراو بەڵام خەباتکاری ئێران و بەگشتی بزووتنەوەی مافخوازی گەلانی ئێران پێویستییان بە هەنگاوی بەکردەوەی پتر لە لۆمەکردن و گەمارۆکانە ئەویش پشتکردنی کۆمەڵگەی جیهانی لە کۆماری ئیسلامی و پشتگرتنی خەڵکی ئێران و خەباتەکەیان.

کۆمەڵگەی جیهانی و وڵاتە خاوەن‌‌دەسەڵاتەکان لە بڕیاردانی جیهانیدا دەبێ گوێ بۆ دەنگی خەڵکی ئێران بگرن و لەو ئاستە لە گۆڕانگارییەکان کە کۆمەڵگەی ڕاپەڕیوی ئێران دەیهەوێ بە تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی بیهێنێتە ئاراوە تێ‌بگەن. بە واتایەکی دی پێویستە کۆماری ئیسلامی لە شەرعییەتی سیاسی بخەن و ڕەواییەتی ڕاپەڕینی سەرانسەری کە هەڵگری بەها و بایەخە جیهانداگرەکانیشە بەڕەسمی بناسن.

نابێ و چۆن دەکرێ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەهەمبەر هەڕەشە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاترەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئەمنیەتی ناوچەیی و جیهان دەستەوەستان و چاوەڕوان دابنیشێ، بەتایبەت ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان کە سوور دەزانن ئامانجی سەرەکیی ڕێژیم دژایەتی و دوژمنایەتیی ئاشکرا لەگەڵ بەرەی ڕۆژئاوا و ئامانجەکانی ئەوان بۆ کۆمەڵگەیەکی جیهانیی دوور لە قەیران و بشێوییە. پێوەندیی بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانی نێوان ئێران و ڕووسیە لە بوارەکانی ئابووری، نیزامی، تێکنۆلۆژی و ئەمنیەتی و هاوکاریی ڕوو لەگەشەی پتری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆرەی باکووری لە بواری ئەتومیدا، و شەڕی تاقەتبەر و بێزارکەری ئێران لەدژی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا کە بە میلیشیا و گرووپە نیابەتییەکانی دەیکات مەترسییەکی گەورە بۆ سەر کۆمەڵگەی جیهانیین کە هەڵوێست و بەرەوڕووبوونەوەی شێلگیرانەتری پتر لە سزادان و گەمارۆکانی دەوێ.

بێگومان لەو ململانێیەدا دیپلۆماسی بەتەنیا وڵامدەر نییە و تاکەڕێگای ئاشتی و هێمنایەتی و سەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرکەوتنی خەباتی مافخوازیی خەڵکی ئێران بەسەر ڕێژیمی سەرکوتگەر و نادێموکراتیکی کۆماری ئیسلامییە و خەڵکی ئێرانیش دەخوازن خەباتەکەیان بەڕەسمی بناسرێ و وەک ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی چاویان لێ بکرێت.