کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لە پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان

23:48 - 3 بەفرانبار 2723

شاڕوخ حەسەن‌زادە

لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بەردەوام و بەشێوەی ئاشکرا و سیستماتیک لەلایەن دامەزراوە جۆراوجۆرەکان بەتایبەت ئەمنییەتی و قەزاییەکانی ڕێژیمەوە مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشێل دەکرێن.

 ئەگەر بمانهەوێ چاوێک بە دوامین ڕاپۆرتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ‌دا بخشێنین، بە ێی ناوەندی ئاماری،  "ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان"(چاونیوز)؛ لە ماوەی سێ مانگی پاییزی ١٤٠٢ـی هەتاوی، لانیکەم ١٩٥ چالاکی مەدەنی و هاونیشتمانی سڤیل بە تۆمەتی چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران یان هاوکاری حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر کراون. ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئێران لە شەش مانگی یەکەمی ساڵ (بەهار و هاوین)یشدا لانیکەم ٥٦٨ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسییان بە تۆمەت گەلی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو نیزامە گرتبوو؛ بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی پاییز گیراون، گەیشتۆتە ٧٦٣ هاونیشتمانی. لەو دەیان کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا گیراون، لانیکەم ٦٦ کەسیان دادگایی و سزای لە ٣ مانگ هەتا ١١ ساڵ کە، سەرجەم ١٧٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران، جگە لە لێدانی قامچی و پێ بژاردنیان بەسەردا سەپاوە.

هەر بەپێی ئامارەکانی "چاونیوز"، لانیکەم ١٦٠ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، تەقینەوەی مین، سەرمابردوویی و هەڵدێران کوژراون و بریندار بوونە. لەو ١٦٠ کۆڵبەر و کاسبکارە ١٥ کەسیان کوژراون و ١٤٥ کەسیان بریندار بوون. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە لەو ١٦٠ کۆڵبەرە، ١٠٤ کۆڵبەریان دوای سەردانەکەی سەرۆک‌کۆماری ڕێژیم بۆ شاری بانە و تەنیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەنگەژاڵی ئەو شارە دراونەتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.

کوژران و برینداربوونی ١٦٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سێ مانگی پاییزی ئەمساڵ لە حاڵێک‌دایە کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵ (بەهار و هاوین)دا لانیکەم ٨٣ کۆڵبەر کەوتبوونە بەر پەلاماری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کە ٦٨ کەسیان بریندار بوون و ١٥ کەسیان کوژرابوون. بەو پێیە ژمارەی ئەو کاسبکارانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی پاییز کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لانیکەم ٢٤٣ کەس بوونە کە ٣٠ کەسیان کوژراون و ٢١٣ کەسیشیان بریندار بوون.

هەر لە ماوەی ئەو سێ مانگەی پاییزدا، ٣٩ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران وکوردستان لە سێدارە دراون، کە دوو کەس لەوان بە ناوەکانی قاسم ئابستە و ئەییوب کەریمی زیندانیی عەقیدەتی بوونە و لەسۆنگەی ئەندامەتییان لە گرووپێکی ئیسلامیی دژبەری ڕێژیمدا ئێعدام کراون. دەزگای دادی ئێران پێشتر و لە شەش مانگی یەکەمی ساڵ (بەهار و هاوین)دا ٤٣ کەسی لە دار دابوو و بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی پاییز لە دار دراون، گەیوەتە ٨٢ کەس. بەپێی ناوەندی زانیاریی "چاونیوز" زۆربەی زۆری ئەو بەندکراوانە، پێشتر بە تاوانی کوشتن بەئانقەست یان تاوانەکانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە هەر لەو وەرزەدا، ئارمیتا گراوەند، کچە قوتابیی کوردی تەمەن ١٧ ساڵ، ڕۆژی شەممە ٦ی خەزەڵوەر پاش ٢٨ ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی فەجری تاران گیانی لەدەست دا. ئارمیتا گراوەند، ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕەزبەر لە مێترۆی تاران (هێڵی ٤٧ی مێترۆ) بەهۆی ئەوەی حیجابی زۆرەملێی نەبووە لەلایەن هێزە حیجاب‌پارێزەکانی حکوومەتەوە لێی درابوو و بەهۆی سەختیی بەرکەوتنەکە لە هۆش چووبوو.

هەروەها لە کردەوەیەکی دیکەی ڕێژیمی ئێراندا، ڕۆژی پێنج‌شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر سۆهراب ڕەحمەتی، پارێزەر، ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی کوردستانی عێراق نیشتەجێی شاری هەولێر لە شوێنی ژیانی لە بەردەم "هانا سیتی" تەقەی لێ کرا و بەتوندی بریندار بوو. حیزبی دێموکرات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەو ئەندامەی لەلایەن گرووپێکی تێرۆریستیی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێرۆر کراوە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی ڕەزبەر (١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، هاونیشتمانییەکی کاسبکار بەناوی "حەمەد خدر" تەمەن ٦٠ ساڵ خەڵکی گوندی "ڕەزگە"ی سەر بە قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە لەسەر سنوور کوژرا.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەنێ ئەو ئامار و زانیارییانەی لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە  کوردستانی ئێران بڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئەو بەشە لەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکانیان بەمیدیایی کراون و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەیان بۆ کراوە، ئەگینا ئەو ناوەندە پێی وایە کە ئاماری ورد و درووستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە ده‌خرێته‌ به‌رچاو.