کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دزی و ئیختلاسی سیستماتیک لە کۆماری ئیسلامیدا

15:36 - 16 سەرماوەز 2723

مەنسوور مروەتی


چەند ڕۆژ پێشتر هەواڵی دزی و گەندەڵییەکی ئابووریی سەرسوڕهێنەر لە ئێران بڵاوبوویەوە کە تا ئێستا لە مێژووی ئێراندا بێ وێنە بووە. ئەم هەواڵە، دزینی سێ میلیارد و چواردسەد میلیۆن دولار پارەی ئەرز لە لایەن شیرکەتی چایی" دبش"ە کە زۆر بە درەنگیشەوە بڵاو کرایەوە. ئەگەرچی لە ماوەی دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیدا هەواڵی دزی و ئیختلاس و گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێژیم بابەتێکی تازە نییە و بەردەوام هەواڵی لەم جۆرەمان گوێ لێ بووە، بەڵام ژمارەی ئەم گەندەڵییە بەڕاستی سەرسوڕهێنەرە. ئەم هەواڵەش نە یەکەم هەواڵی لەو جۆرەیە و نە دوایین هەواڵیش دەبێ، بەڵام لانیکەم تا ئێستا گەندەڵیی ئاوا کە ئینسان تووشی شۆک بکا، بێ وێنەیە.
 شیرکەتی چایی دێبش ساڵی ١٣٩٨ بڕی سێ میلیارد و چوارسەد میلیۆن دۆلار ئەرزی دەوڵەتی بۆ هێنانی چایی لە هێندستانەوە وەردەگرێ و قەراریش دەبێ بەو پارەیە گەورەترین شیرکەتی چایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێراندا دابمەزرێنێ و چایی بەکەیفیەتی بەرزەوە بە خەڵک بفرۆشن. قەرار وادەبێ کە چایی بە نرخی کیلۆیەک چواردە دولار لە هێندەوە بێنێتە ئێران بەڵام لە جیاتی ئەوە چایی دەرەجە دووی خودی ئێران بە کیلۆیەک دوو دۆلار دەکڕن و دەیبەنە دەرەوە و بە حیسابی چواردە دۆلاری وادەنوێنن کە لە هێندوستانەوە هێناویانەتە ئێرانەوە. بەم جۆرەش ئەرزە سێ میلیاردوچوارسەد میلیۆن دولاریەکەش لە بازاڕی ئازاددا بۆ خۆیان دەفرۆشن و دەیخەنە گیرفانی ناموبارەکیانەوە.
 وەک باس کرا ئەمە یەکەم جار نییە دزیی لەو بابەتە لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ڕوو بدا، هەر دوێنێ ڕاگەیەندرا لە شارەداری تاران حەڤدە هەرزار میلیارد تمەن ونە. پێشتریش نەک پارە تەنانەت دەکەڵی نەفتی لە سەردەمی سەرکۆماریی ئەحمەدینژاددا دزرا. کار گەییشتە جێگایەک کە تەنانەت دەنگی ئەحمەدی نژادیش دەرهات و لە سەر گەندەڵییەک کە لە گومرگەکانی جنووبی ئێران دەکرا، ئەحمەدی نژاد ناوی پاسدارەبەرپرسەکانی نا "برادەرانی قاچاخچی". 
بێگومان دزی و ئیختلاس لە ئێراندا بەشێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوەدەچێ و لەو بارەوە نموونە زۆرن. دیارە گەندەڵیی ماڵی تەنیا لە ئێراندا ناکرێ و خەڵک لە زۆرێک لە وڵاتانی دنیا بەتایبەتی وڵاتانی دواکەوتوو بەم دەردەوە گرفتارن، بەڵام قەباحەتی ئەم دزییانەی ئێران زیاتر لەوەدا خۆی دەنوێنێ کە دەسەڵاتدارانی ئەم ڕێژیمە دەسەڵاتەکەیان بە دەسەڵاتی ئیسلامی و مەملەکەتی ئیمامی زەمان و وەلیی فەقیە بە خەڵکی هەژار و داماوی ئێران دەفرۆشنەوە. لە حاڵێکدا جگە لە گەندەڵیی ئابووری، گەندەڵی لە هەموو جمگەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا گەییشتۆەتە لووتکە و ڕۆژ نییە چکۆلەترین ناڕەزایەتیی خەڵک چارەنووسی بە زیندان و شکەنجە و کوشتن کۆتایی پێ نەهێنن. ڕۆژ نییە هێزە ئەمنیەتیەکانی ڕژیم دەیان کەس لە خەڵکی لێقەوماوی ئێران بە تۆمەتی جۆراوجۆر ڕاپێچی زیندانەکان نەکەن. هەموو ئەم دزی و ڕانتخواری و ئیختلاسانە لە حاڵێکدایە کە ئێران لە زومرەی دەوڵەمەنترین وڵاتانی دنیا و لە هەموو بوارێکەوە وڵاتێکی بەپیت و بەرەکەتە, کەچی هەژاری و نەداری وبرسیەتی و نەدامەتی بڕستی لە خەڵکی ئەو وڵاتە بڕیوە و هەموو خێر و بێری وڵات تەنیا بۆ کەسانێکی تایبەت و چەندین مافیای سەر بە سپای پاسدارن و بەیتی ڕەهبەرییە. 
لەم وڵاتەدا کە زیاتر لە چل ساڵە لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بە هەموو شێوازێک خەڵکەکەی دەچەوسێنرێنەوە تا ئێستا نەبینراوە یەک نەفەر لەو دز و ئیختلاسچییانە بدرێنە دادگا و پارەی دزراوی خەڵکیان لێ بسەنرێتەوە، کەچی هەرساڵی پار تەنیا بە تاوانی لە دەرەوەبوونی تاڵەقژێکی کچێکی کورد، گیانیان لێ ئەستاند و وڵامی ناڕەزایەتیی خەڵکیان بە کوشتنی سەدان کیژ و کوڕی لاو دایەوە و بە هەزاران کەسیان بریندار و تووشی زیندان و چەرمەسەری کردەوە. ڕۆژی نییە لەم وڵاتە بەڵالێدراوە چەندین کیژ وکوڕی لاوی ئێرانی بە تۆمەتی سواوی "تێکدانی ئاسایش و ئەمنیەتی وڵات" تووشی گرتن و زیندان و ئەشکەنجە و دەیان کێشەی دیکە نەکەن. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا دیاربوونی تاڵەقژێک و ناڕەزایەتیی خەڵک بە هەر هۆیەک ئەمنیەت و ئاسایشی وڵات تووشی مەترسی دەکا یان دزینی یەک قەڵەم سێ میلیارد و چوارسەد میلیۆن دۆلار؟! لەم وڵاتەدا کە هێزە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵاتی ڕەهایان بۆ بێڕێزی و کوشتن و بڕینی خەڵک هەیە و وادەنوێنن کە ئاگاداری هەرچەشنە جموجووڵێکن کە لە ئێراندا دەکرێ، ئایا ئاگاداری ئەو دزییانە نین کە لە سامانی وڵات دەکرێ؟ جوابەکە ئەوەیە کە بێگومان هەموان ئاگاداری دۆخەکە هەن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە دزی و ئیختلاس و بەتاڵان بردنی سامانی خەڵکی ئێران بە سیستماتیک لە لایەن خودی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوە دەچێت و تا کاتێک ئەم ڕژیمە کۆتایی پێ نەهێنرێ چارەنووسی خەڵک و وڵات لەمە باشتر نابێ.