کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵک و پیلانی ئاسایبوونی سەرکوت

15:10 - 17 سەرماوەز 2723

سمایل شەرەفی

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر تەنیا ئیسرائیل و ئەمریکا و ڕۆژاوا و هێز و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە دوژمن و نەیاری خۆی نازانێ، بەڵکوو خەڵکی ئێران بە هەموو پێکهاتەکانیەوە وەک دوژمن سەیر دەکات و بەکردەوەش شەڕی بەدژ ڕاگەیاندوون. ئەوەندەی ئەم ڕێژیمە و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی هەڕەشە و مەترسین بۆ سەر خەڵکی ئەم وڵاتە، هیچ‌کات نیوئەوەندەش خەڵک هەڕەشە و مەترسیی دەرەکییان بۆسەر خۆیان هەست پێ نەکردوە. تەنانەت ئەوکاتانەش کە لە ڕەوتی شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراقدا کوشتن و وێڕانییان بەسەردا سەپێنرا، دیسان هۆکار و سەبەبی هەموو ئەم کوشتار و ماڵوێرانیانە، هەر سیاسەتە شەڕئەنگێزەکانی ئەم ڕێژیمە تینوو بە خوێن و ئاشق بەشەڕە بوو.

شەڕی کۆماری ئیسلامی دژبە گەلانی ئێران بەدرێژایی تەمەنی ئەم ڕێژیمە درێژەی هەبووە و لە ئێستاشدا ڕۆژانە خەڵک جیا لە هەڵگرتنی باری قورسی ژیان و گوزەرانێکی پڕ لە هەژاری، گیانیان لێ دەستێندرێ. شەڕی کۆماری ئیسلامی دژبە خەڵک فرەچەشنە؛ لە بەرتەسکردنی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان، کۆنتڕۆڵی جموجۆڵی ڕۆژانەی خەڵک، لەهەژاریدا هێشتنەوەیان و هەوڵدان بۆ دابڕاندنیان لە دنیای ئازاد و زانیارییەکانەوە بگرە تا دەستبەسەرکردن، داسەپاندنی حوکمی قورسی ناڕەوا و کوشتنی سیستماتیکیان بە شێوە و بیانووی جۆراوجۆر.

شەڕی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵک ڕۆژانە خوێن و قوربانی وەردەگرێ؛ ژنان و کچانی وڵات تەنیا بە تاوانی دەرکەوتنی بسک و پرچیان ئەوپەڕی بێڕێزییان پێ دەکری و وەها دەستیان لێ دەوەشێندرێ کە وەک ژینا و ئارمیتا گیان دەدەن، خەڵکی رەخنەگر و بەندییە سیاسی حوکمی قورس و گرانی ناڕەوایان بەسەردا دەسەپێندرێ و لە کۆتاییدا بەگۆترە و لەسەر مەیلی بێ‌دادگاکانی ڕێژیم پەتی سێدارەکان بۆ هەڵدەخرێ و گیانیان لێ دەستێندرێ. کوشتنی بەئەنقەستی کاسبکارە بێ‌دەرەتانەکانی کوردستان و بەلوچستانیش بەتاوانی کۆڵبەڕی و سوختبەری لایەنێکی دیکەی جینایەتەکانی ئەو ڕێژیمەن. بۆ سەرلماندی ئەم ئدیعایانە تەنیا لە سەر لەسێدارەدانی زیندانیان و کوشتنی کۆڵبەران ئاماژە بە ئاماری دوو ڕێکخرای "هەنگاو" و "ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" دەکەین:

"تەنیا لە مانگی نوامبری ئەمساڵدا ١٢٢ زیندانی لە زیندانەکانی سەرتاسەری ئێراندا لە سێدارە دراون کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشووتر نیواونیو زیاتر بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە." لە پێوەندی لەگەڵ کوشتنی کۆڵبەران لە کوردستانیشدا؛ تەنیا لە ماوەی دوو مانگ و دە ڕۆژی پاییزی ئەمساڵدا ١٣٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دراونەتە بەر دەستڕێژ کە ١٢ کەس لەوان کوژراون. بە واتایەک تەنیا بەپێی ئەم دوو ڕاپۆرتە، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ٢٥٧ ئینسان لە لە لایەن سیستەمی سەرکوت و مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گیانیان لێ ئەستێندراوە کە زۆربەیان کوردن.

ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی ئێران ٤٤ ساڵە لەگەڵ خەڵکی ئێران و کوردستان‌ لەشەڕدایە و ڕۆژ نییە خوێنی خەڵکی ئەم وڵاتە نەڕێژێ، سەلماندنی زۆر ئاسانە. بەڵام ڕوویەکی دیکەی ئەم شەڕە کە ڕۆژانە قوربانیی لێ دەکەوێتەوە و تا کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەسەڵاتدا بێت درێژەی دەبێ، ئاسایبوونی ئەم قوربانی‌وەرگرتن و قوربانیدانەیە! لەلایەک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای بردنەسەرەوەی ڕێژە و ژمارەی قوربانییەکان هەوڵی ئاساییکردنەوەی ئەم دیاردەیەی داوە و لەلایەکی دیکەوە پێدەچێ کۆمەڵگەش ئەم قوربانیدانەی بەلاوە ئاسایی بووبێتەوە کە ئەمەی دووهەمیان ئەگەر کەمتەرخەمبوونی تاک و کۆیەکانی کۆمەڵگەی ئێران نەبێت، بێگومان هۆکارەکەی دیکەی دەتوانێ زۆر زەرەرمەند و مەترسیدار بێت کە ڕەوایی بە کردەوەی هێزی سەرکوتی ئەم ڕێژیمە ناڕەوایە بدات.

کۆماری ئیسلامی و ئیدئۆلۆژییە نەخۆش و تینووبەخوێنەکەی، ٤٤ ساڵە سەلماندوویەتی ئەوەی بۆی گرینگ نەبێت؛ ماف و کەرامەت و گیانی ئینسانەکانە. هەر لە کوشتنی کیانی پیرفەلەک و ژیناوە بگرە تا کوشتنی هونەرمەندی ناوداری سینما، داریوش مێهرجوویی و بێ‌حومەرمەتیکردن بە پیرەپیاوێکی ٩٠ ساڵەی وەک مامۆستا خدر قادری (خلە دەرزی). ئەوە ماهییەت و نیوەرۆکی ئەم ڕێژیمە و کاربەدەستە پیاوکوژەکانیەتی.

بەڵام کەمتەرخەمیی کۆمەڵگەش بەرانبەر بەم سەرکوتکاریانە، جێی تێڕامان و لێ‌بوردبوونەوەیە. ڕاستە هێزی سەرکوتی ڕێژیم دڕندانە و بێ‌بەزەییانە بەرانبەر بە هەر ناڕەزایەتییەک دەجوڵێتەوە و سەرکوت دەکات. بەڵام بەدڵنیایەوە تاکەهێز کە بتوانێ و توانیویەتی پاشەکشە بەم سەرکوتکاریانە بگرێت، هەر هەڵوێستی یەکگرتووانەی جەماوەریی خەڵکە کە ڕێژیم لێی تۆقیوە.

خەڵک لە ئێران و کوردستان وەک لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا بەرانبەر بە کوشتنی کچێكی بێ‌تاوانی وەک ژینا سەڵماندیان کە بەرانبەر بە گیانی ڕۆڵەکانیان، نەتەنیا کەمتەرخەم نین، بەڵکوو دەتوانن تەخت و بەختی ئەم ڕێژیمەی پێ وەلەرزین بخەن، پێویستە وێڕای پاراستنی یەکگرتووییان، دژکردەوەیان بەرانبەر بە تاوانکارییانی ئەم ڕێژیمە هەبێت. کۆمەڵگەی زیندووی کوردستان نابێ ئیزن بدا کۆماری ئیسلامی مەرگ و کوشتنی خەڵکی وڵاتەکەمان بە دەستی هێز و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ئاسایی بکاتەوە. کەمتەرخەمبوونی کۆمەڵگە بەرانبەر بەم هەموو جینایەتانەی ڕێژیم، بەتایبەت لە دۆخی ئێستادا کە خودی ڕێژیم هەوڵ دەدات هەموو سەرنجی بیروڕای گشتی بەلای شەڕی ئیسرائیل و حەماس و شەڕ لە غەززەدا بەڕێت، دەستی ڕێژیم لە سەرکوتکاری و جینایەتی زیاتر ئاوەڵا دەکاتەوە. بۆیە لەسەر هەموو حیزبە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات و گشت چین و توێژەکانی کوردستانە کە پێش بە پیلانی ئاساییکردنەوەی سەرکوت لە وڵات بگرن و پاشەکشە بە سیاسەتی سەرکوت و مرۆڤکوژیی کۆماری ئیسلامی بکەن.