کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هزری پێشمەرگانە فەرمانڕەوای شەقامەکانە

11:23 - 8 رەشەمه 2723

جاقل

گەشتێکی مەیدانی بە سەر بارودۆخی ئەم ڕۆژانەی شەقامەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، مرۆڤ دێنێتە سەر ئەو قەناعەتە کە یەکەم گوتاری زاڵ لە پانتایی کۆمەڵگەی کوردیدا گوتاری نەتەوەیی و ئازادیخوازانەیە. لە حاڵێکدا کە تاران بە توندترین شێوە و بە تەواوی ئیمکاناتەوە پاڵپشتی لە هەڵبژاردن و بانگەشە بۆ هەڵبژاردن دەکات، هەڵسوکەوتی شارۆمەندانی شەقامەکانی جوغڕافیای ئێران بە تەواوی بەپێچەوانەی خواستی سیاسی حاکمییەتی دیکتاتۆڕی تارانە. سەرەڕای ئەوە کە ڕێژیم لە هەموو پوتانسیەلەکانی حەساسیەت دروستکردن بۆ دنەدانی خەڵک بە نیسبەت هەڵبژاردنەوە کەڵکی وەرگرتوە و ئیزنی بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە بەدناوترین مۆرەکانی خۆی داوە هەتا لەم ململانێ بێ‌ئاکامەدا بە قازانجی دەسەڵاتی ئاخوندی بازاڕگەرمی بکەن؛ کەچی نە ئەو مۆرانە ئەو تواناییەیان هەبووە و نە خەڵکیش کەوتوونەتە ئەو داوانەوە. فۆڕمە جۆراوجۆرەکانی جیاوازی نەتەوەیی و دینی و فەرهەنگی و جۆرەها دووبەرەکی و چەندبەرەکیی ڕەگەزی و ماڵی و تایەفەیی و هتد و تەنانەت کەڵک‌وەرگرتن لە باند و باندبازی نێو ئیداراتی حکوومەتی بۆ گەرمکردنی تەنوری بانگەشە، هەتا ئێستا هیچ ئاکامێکی دڵخوازی ڕێژیمی لێ شین نەبووە .

ڕێژیم کە لانیکەم دەیزانی بەشداریی خەڵک لە ڕۆژی هەڵبژاردندا کەم دەبێ و وەک هەمیشە ناچارە ئامارێکی دەسکرد و ساختە بۆ ئەو ڕۆژە دیاریکراوە ڕوو لە خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕابگەیێنێت، ئێستا ئاوات دەخوازێ لە ماوەی یەک حەوتووی بانگەشەدا فەزایەکی وەها لە شارەکاندا بخوڵقێ کە هەم میدیاکانی بێ‌خۆراک نەبن هەم فەزای تووڕە و تووش و بێدەنگیی شارەکانی جوغڕافیای ئێران لە دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە جۆرێک بگۆڕێ کە بە گشتی چیدی خەڵک دڕندەیی ڕێژیمیان لە چەند ساڵی ڕابردودا لەبیر نەمێنێ و ڕێژیم بتوانێ بە سیما و دەمامکێکی نوێترەوە خۆی پێشانی خەڵکی ساویلکە و کۆمەڵگەی بەرژەوەندیخوازی نێودەوڵەتی لە فورمێکی دیکەدا بدات.

لە کەشی بەناو هەڵبژاردنەکاندا کوردستاندا هەندێ جیاوازی و هەندێ پێشکەوتنی زیاتری لە باری ئازادیخوازی و خەباتی مەدەنیەوە لە چاو بەشەکانی دیکەی جۆغڕافیای ئێران پێوە دیارە. بە جۆرێک کە ئینسان وا هەست دەکات ئەمە هەرێمێکی جیاوازتر لەم جوغڕافیا بەیەکەوە لکێندراوەیە و دیسانەکەش کوردستان پێشەنگ و پەلکێشکەری باقیی نەتەوەکانی نێو ئێرانە بۆ نا وتن بە حاکمییەتی خۆسەپێن و بێێڕەوشتی تاران .کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکاری بنچینەیی و مێژویی کە خۆیان لە ڕۆحی ئازادیخواز و بوێری تاکی کورددا جێ کردووەتەوە.

 ئەگەرچی هەر وەک گوترا ڕێژیمی ئاخوندی دەستی بەربژێرەکانی بۆ بانگەشە بە هەموو شێوەیەک ئاوەڵا کردوە و بۆ خۆیشی بە تەواوی توانای ئەمنییەتی و ماڵی و تەبلیغاتی پشتگیری گوتاری بەناو هەڵبژاردن دەکات، بەڵام هەر لە چوارچێوەی سەرەتایی بانگەشەیشدا ئەم پڕۆسە توشی شکستی جیددی بووە. چاوپێکەوتنە مەیدانییەکان و بەراوردکردنی ئەم بانگەشانە لەگەڵ بانگەشەکانی شانۆکانی هەڵبژاردنی پێش شۆڕشی ژینا جیاوازییەکی یەکجار زۆریان بە قازانجی خەڵکی جوغڕافیای ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات هەیە. هەروەک بەڕێز بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کاک مستەفا هیجری لە دوایین لێدوانیدا فەرمووی: شۆڕشی ژینا  خەباتی ئازادیخوازانی ئێرانی قەڵەمبازێک بردە پێشەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردودا وەتاغەکانی فیکری پارێزەری ڕێژیم بۆ بازاڕ گەرمی ئەم بانگەشانە چەندین گۆرانیبێژ و مەڵحەکەوێژیان لە دەرەوەی کوردستان هێنایە نێو کوردستان بەڵام ئەم شتانە هیچیان لە واقعییەتی ساردوسڕی شەقامەکانی کوردستان بە نیسبەت شانۆی هەڵبژاردن نەگۆڕی. زۆربەی خەڵکی کوردستان لە ناوەندەکانی شارەکاندا تەنانەت بە پارەیەکی زۆریش حازر نەبوون دووکانەکانیان بە مۆرەکانی ڕێژیم تەنیا بۆ حەوتوویەک بەکرێ بدەن. ئەگەر بە شەقامەکانی ناوەندی شارەکانی کوردستاندا پیاسەیەک بکەین دەبینین کەمتر کەسێک حازر بووە تەنیا یەک وێنەی خۆفرۆشێکی پاڵێوراو لە شیشە و درگای دوکانەکەی بدات. کچان و ژنانێک کە لەم ڕۆژانەدا بێ ڕوپۆش و زۆر ئازادانە و شارستانیانە بە گۆڕەپانی شارەکاندا تێپەڕ دەبن، سیمایەکی جیاواز و موتەمەدنانەیان بە شار بەخشیوە کە نیشانەیەکی جوانە لە نا وتن بەو غەلبەغەڵبە کە ڕێژیم دەیهەوێ پەرەی پێ بدات .

لە نێو ستادە ناوەندییەکانی بانگەشەکردن تەنیا یەک ئینسانی دیاری شارەکانی تێدا نییە بەڵکو سێ هەتا پێنج کەس خەڵکی ڕەش و ڕوت و بێکارە کە بۆ خواردنی چاییەک یان پۆرسێ خواردن لە ژەمەکاندا، لەو شوێنانە مۆڵیان خواردوە دەبینرێن. ئەو خەڵکانەی لە پیادەڕەوەکانەوە تێپەڕ دەبن بە نەفرەتەوە لەو جاشانە دەڕوانن و بۆ داهاتوو شناساییان دەکەن، قسەی سارد و سووکیان تێدەگرن و ئەوەی خۆی کەڕ دەکات ئەو بێ‌ڕەوشتانەن کە هیچ کەرامەتێک لە ناخیاندا نەماوە .تەنانەت ستادە ناوەندییەکان دەنگی باند و بڵیندگۆکانیان زۆر بەرز ناکەنەوە و لە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێر و وێنەی بەناو پاڵێوراوەکان خۆ دەبوێرن، چونکی باش دەزانن هیچ دەسکەوتێکیان نابێم بۆیە کات دەبژێرن بەڵکوو هەرچی زووە ئەم ڕۆژانە تێپەڕ ببێت.

گەڕەکەکانی پەراوێزی شارەکان کە جاران مەیدانی خۆتاقیکردنەوە و یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بوو ئێستا بەتەواوی بێدەنگە و تەنانەت بەناو پاڵێوراوەکان و لایەنگرەکانیشیان ناوێرن زۆر لە ناوەندی شارەکان دور بکەونەوە. خەڵکی تووڕە و شۆڕشگێڕی کوردستان لە هەموو پوتانسیەلەکانی خەباتی مەدەنی کەڵک وەردەگرن و ناهێڵن خۆفرۆشەکان شار بکەنە مەیدانی تەڕاتێنی خۆیان.

 یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بانگەشەکانی ئەمجارەی مۆرەکانی ڕێژیم لە چاو جارانی پێشووتر ئەوەیە سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیم هەوڵی دا بە موهەندیسیکردنی تەئیدکراوەکان فەزایەکی ڕکابەری لە نێوانیاندا بێنێتە ئاراوە کەچی ئەوان هیچ ڕکابەریێک ناکەن و لە بەرانبەر یەکدا زۆرتر بێدەنگی هەڵدەبژێرن. پاڵێوراوەکان خۆیان بەو حەقیقەتە جەوهەریە گەیشتوون کە ئەوان واتە تەواوی ئەوانەی هاتوونەتە نێو گەمەی بانگەشە و هەڵبژاردنی نمایشیەوە لە یەک بەرەی دۆڕاوی واحیددان و خەڵکی ئازادیخواز و داخ لە دڵی چاوەڕێی دەرفەت، لە بەرەیەکی زۆر گەورەتری سەرکەوتوواندان .

مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی بڵیندگۆی مزگەوتەکانیان ناخەنە ئێختیاری پاڵێوراوەکان و لە ئاخرین نموونەی ئەم ڕوداوەدا، مۆحسین بیگلەری بەناو نوێنەری ڕێژیم لە شاری سەقز کە بە بیانوی نوێژی هەینی خۆی خزاندبووە ڕیزی باوەڕمەندانەوە لە مزگەوتی جامێعەی قەوخ، جیاواز لەوە تریبونی پێ نەدرا بە قسەی سارد و سووک و بێحورمەتی لەنێو مزگەوتەکە کرایە دەرەوە .

کۆی ئەم ڕاستییانەش کە باس کران دەرخەری ئەوەیە خەباتی مەدەنی لە کوردستاندا چووەتە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتووەوە و لە واقعدا ئەوەی ئەمڕۆ فەرمانڕەوایی شەقامەکانی کوردستان دەکات هزر و ئەندێشەی ئازادیخوازانەیە کە پێشمەرگەی کوردستان نوێنەرایەتیی دەکات .