کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی و مافی یاسایی و سیاسیی ژنان

12:49 - 9 رەشەمه 2723

کەنێرە مێهفەر

هەروەک دەزانین هەڵبژاردنی ئازاد و دێموکراتیک یەکێک لە دادپەروەرانە و ئازادترین ڕێگاکانی بەشداری لە دەسەڵاتە کە تێیدا خەڵک بە دڵخواز نوێنەری خۆیان بۆ ماوەی ٤ ساڵ بۆ کاروباری یاسادانان و بەڕێوەبەریی وڵات هەڵدەبژێرن. نوێنەرانێک کە دەنگی مافویستی و ئازادیخوازیی خەڵک بن و لەئاست چاوەڕوانی و جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان بن، نەک نوێنەرانێک کە خاوەن بیری سەپێنڕاو و لەژێر چاودێری لایەنی دەسەڵاتدار بێ و نەتوانن بێ ئیزنی ئەوان پەل باوێن و تەنانەت بگرە بیری فاشیستیی نەتەوەی باڵادەست ڕەچاو بکات.

پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کۆمەڵگەی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی  کۆماری ئیسلامی، کە بە ڕوانگەیەکی ئیدۆئۆلۆژیکی و فاشیستی و دژە مرۆڤانە لە ماف و پێگەی بەشێک لە کەمایەتیە نەتەوەیی، ئایینی، ڕەگەزی... دەڕوانێ و سیاسەتی داگیرکەرانەی بەرانبەر بە نەتەوە نافارسەکان هەیە، تەنیا ئامرازێکە بۆ هەڵخەڵەتاندن و بەلارێدابردنی بیروڕای گشتی، تا بە دونیای دەرەوە نیشان بدات، سەرجەم پێکهاتەکانی وڵات بەشداری پڕۆسەی سیاسین و ڕێز لە مافی هەموو پێکهاتەکان دەگرێ. 

هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم لە زۆر ڕووە دەکرێ فوکووسی بخرێتە سەر، بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانهەوێ لەو بابەتە بیخەینە بەر باس، ڕۆڵی ژن  و مافە یاسایی و سیاسیەکانی بەپێی  یاساکانی کۆماری ئیسلامییە و ئەوە کە ژنان تا چ ڕادیەک توانیویانە بێنە ناو گۆرەپانی سیاسی و مافەکانیان جێگیر کراوە؟

لای هەموومان ئاشکرایە کە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، یەکەم هەنگاو کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی گرتیانەبەر داڕشتنی کۆمەڵێ یاسا و ڕێسا بوون کە هەموویان بەدژی ژنان بوون. یەکەم بڕیار سەپاندنی سەرپۆشی زۆڕەملی بۆ ژنانی فەرمانبەر لە دامودەزگاکانی حکوومەت، جیاکاری ڕەگەزی لەنێو قوتابخانە و زانکۆکان و شوێنە گشتیەکان، قەدەغەکردنی گۆرانی‌گوتن لە ژنان و بڵاوکردنی گۆرانی بە دەنگی ژنان، هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی پشتیوانی لە بنەماڵە و زۆرشتی تر. 

بۆیە کاربەده ستانی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە یاساکانیان لەسەر بنەمای ئایین و مەزهەبی شیعەی۱۲ئیمامی بە بیرێکی توندئاژوانە داڕشتووە کە تێیدا کەمترین پێگە و کەرامەتی ئینسانی بۆ ژنان تێدا جێگیر کراوە، یاساکان پڕن لە توندوتیژی و هەڵاواردن و بێبەشکردنی ژنان لە مافەکانیان لەسەرجەم بوارەکاندا.

گرینگترین ماف کە لە ژنان زەوت کراوە، مافی سیاسیی ژن لە کۆمەڵگەیە، چونکە یەک لە ڕێگاکانی پێشکەوتن و سەرکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک بەشداریی ژنانە لە سەرجەم بوارەکاندا بەتایبەتی ڕۆڵگێرانی ژن لە پێگەی سیاسی و ناوەندەکانی بڕیاردا؛ چونکە ژنانی ئێستا بە بەراورد لەگەڵ ژنانی ڕابردوو زۆر گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، وشیارتر، خوێندەوارتر، بەئەزموونترن و داخوازیەکانیشیان لەگەڵ ژنانی ڕابردوو جیاوازترە. 

لە هەر وڵاتێکی دێموکراتیکدا دەوڵەتەکان هەوڵ دەدەن ڕێگرییە  یاسایی، سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە بەردەم بەشداریی سیاسیی ژنان هەڵبگرن و بوار بۆ سەرخستنی تواناکانی ژنان لە بواری سیاسیدا بخوڵقێنن. بەڵام دەبینین کە لە کۆماری ئیسلامیدا نەک بۆ بەشداریی سیاسی ژنان ڕێگر هەن، بەڵکوو هەر بەپێی یاسا بێبەشکردنی ژنان لە مافە سیاسییەکانیان قانونمەند کراوە. بەپێی ئەسڵی ١١٥ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە مەرجەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سیاسی وەک سەرۆککۆماری و بەدەستەوە گرتنی پۆستەکانی دەسەڵاتی قەزایی ئەوەیە پیاو بیت و بەوەش نیوەی کۆمەڵگە لەو مافە بنەڕەتییەی بێبەش کراوە. تەنیا ژنێکیش کە توانیبێتی لە هەموو تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا ببێتە وەزیر "مەرزیە دەستجەردی" بوو کە لە کابینەی ١٠ی دەوڵەتدا وەک وەزیری تەندرووستی بوو و خۆی یەکێک لە دژەژنترین بەرپرسانی ڕێژیم بوو و بە سەرسەختترین لایەنگرانی جیاکردنەوەی ڕەگەزی و دژبەرانی پێوەستبوونی ئێران کۆنڤانسیۆنی نەهیشتنی هیچ چەشنە هەڵاواردنێک بوو. بۆیە لە ڕووی سیاسییەوە ژنانی ئێران بەگشتی تەنیا توانیویانە ی خۆیان لە ئەندامەتیی مەجلیسی شوڕای ئیسلامیدا ببیننەوە کە ئەویش لەڕووی ڕێژەییەوە ئەندازیاری بۆکراوە.

ئەزموونی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیم لە کۆماری ئیسلامیدا پێمان دەڵێ جیا لە زۆر هەڵاواردن ڕەگەزیش فاکتەرێکی سەرەکیی وەرگرتنی بەرپرسایەتییە سیاسییەکانە و ژن وەک ڕەگەزی دوو‌هەم هەموو ڕۆڵی لە یەکەی بنەماڵەدا پێناسە دەکرێ.

بە ئاوڕدانەوەیەکیش لە خولەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشووش ڕێژیم هەموو کات هەوڵی داوە لە ڕێگەی هاندان، هەڵخەڵاندن و بەفریوبردنی خەڵکەوە بۆ بەشداری لە دەنگدان هانیان بدەن یان تەنانەت لە ڕێی هەڕەشە و سەرکوتەوە خەڵک ناچار بە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان بکەن. ئەم دەورە جیا لەوە دەبینین کە بەهۆی قەیرانی ئابووری و گرانییەوە دابەشکردنی سەبەتەی خۆڕاک و زۆر پاڵنەری ئابوورییش هاتووەتە نێو پیلانەکانیانەوە و هەموو ئەوانەش تەنیا بۆ شانۆگەریی کۆکردنەوەی خەڵک لەسەر سندووقەکانی دەنگدانە، ئەگینا نیزامی سیاسی هیچ باوەڕێکی بە هەڵبژاردن و پڕۆسەی بەشداری سیاسیی خەڵک نییە و دواتر کێیان مەبەست بێت وەکوو نوێنەری هەڵبژێردراو لە سندووقەکانی دەنگدانی دەردەکێشن.

ژنان لە ئێستادا بە وشیارییەوە لە گەمەکانی ڕێژیم دەڕوانن و لە خۆیان دەپرسن پاش ٤٥ ساڵ کام یاسا و بڕگەی یاسایی له بەرژەوەندی ژنان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری بەشداریی  سیاسیی ژنان چ چاکسازییەکی تێدا کراوە و جیا لە هەوڵەکان بۆ زیاتر پەراوێزخستنی ژنان لە بازاڕی کار و پێگەی ئابووری چ هەوڵ و ڕێکارێک بۆ هاوبەشیی زیاتری ژنان لە کۆمەڵگەدا گیراوەتە بەر؟ بۆیە ئەو هەڵاواردن و توندوتیژییە سیستماتیکانەی لە کۆمەڵگەدی ئێرانا دژ بە ژنان دەکرێ، بە هەموو وجوودە هەست پێ دەکەن و ئامادە نین و نابن کە بە بەشداریی خۆیان شەرعییەت بەو نیزامە بدەن.

ژنانی کۆمەڵگەی ئێران بە تایبەت دوای شۆڕشی ژینا کە لەسەر دەرکەوتنی چەند تاڵ قژی کوژرا، ئەو کرانەوە ڕێژەییەی بەر لە هەڵبژاردنەکان کە بە ڕووی ژناندا دەکرێتەوە بە سووکایەتیی بۆ سەر خۆیانی دەزانن و گەیشتوونەتە ئاستێک لە تێگەیشتوویی  و پێگەیشتوویی سیاسی و نەتەوەیی کە چیتر ناتوانن ئەم غەدر وجینایەتانەی دەرحەقیان دەکرێ قەبووڵ کەن و نایانهەوێ چیتر لە پەراوێزدا بمێننەوە. لە ئێستادا ژنان بە بەرخۆدان و بەردەوامیان، هاتنە مەیدانیان و بەخشینی گیانیان، کەم‌ئەندامبوون و گرتن و ئەشکەنجەدانیان، توانیویانە سیمای ڕاستەقینەی دژەژنیی کۆماری ئیسلامی بە دونیای دەرەوە بناسێنن و هەتا ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمەش لە ڕیزی پێشەوەی ئەو شۆڕشەدا دەمێننەوە.