کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١١ی ڕەشەمە تفەنگەکان پڕ مەکەنەوە، قامکەکان خوێناوی مەکەن

21:11 - 10 رەشەمه 2723

مستەفا فەقێ

ڕێژیمی تاران بۆ ڕەوایی‌پێدان بە حکوومەت و سیستمی خۆی لە شانۆی هەڵبژاردن کەڵک وەردەگرێ و وەک هەمیشە پیلان دەگێڕێ و لە حەولی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک دایە. هەموومان ئاگادارین کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەمەنی ٤٥ ساڵەی خۆیدا، جگە لە توندوتیژی، کوشتن و بڕین، هەڵاواردن و جیاوازیدانانی نێوان نەتەوەی باڵادەست و ژێردەست، گرتن، بێکاری، هەژاری، گرانی، گیرۆدە بوونی لاوان بە ماددە هۆشبەرەکان، تەنانەت ژنان و مێرمندالانیش تووشی ئەو دیاردە ماڵوێرانکەرە بوون، لە سێدارەدانی ئازایخوازن، تاڵان کردنی سامانە گشتییەکان، لە ناوبردنی ژێرخانی ئابووری، کانگا ژێر زەوییەکان، هەروەها تاڵان کردنی ئاسەوارە مێژووییەکان و داڕمانی ژینگە و وشک کردنی زریاکان و ماڵوێرانی چ دەسکەوتێکی ئەرینی بۆ گەلی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بووە؟

رێژیمی تاران تەنیا مەبستی ئەوەیە لە شانۆی هەڵبژاردن کەڵک وەرگرێ و ئەو پەیامە بدا بە جیهان کە خەڵکی ئێران پاڵپشتی لە حکوومەت دەکەن و ڕازین و شەرعییەت بە سیستم و دەسەڵاتدارە ناڕەواکەی بدا.

١١ی ڕەشەمە قامکەکانتان خوێناوی مەکەن و تفەنگەکان پڕ مەکەن لە ساچمە و فیشکی جەنگی، بەشداری لەو شانۆیە و چوونە سەر سەندووقی دەنگدان تەنانەت بە بەرگی سپیشەوە، خەیانەتە بە خوێنی شەهیدانی کوردستان، بەتایبەت شەهیدانی شۆڕشی ژینا و شەرعییەت‌دانە بە دەسەڵاتدارییەتی بە ڕێژیمی نگریس و دیکتاتۆڕی تاران، خەیانەتە بە شۆڕشگێڕانی سەر شەقام، ئەوانەی وا شەڵاڵی خوێن بوون، خەیانەتە بە منداڵە هەتیوەکانی وەک باوان...... و خەیانەتە بە دایکانی نیشتمان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، خەیانەتە بە کەم‌ئەندامان و شەهیدانی ئەشکەنجە دراو، هەروەها دەسبەسەرکراوانی ئەو شۆڕشە کە زیندانی درێژخایەن و تەنانەت حوکم و سزای لە سێدارە دانیان بەسەردا سەپاندوون.

ئەگەر ئێمە بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردن ١١ی ڕەشەمە نەکەین، درێژەدان بە دەیان ساڵ خەبات و شۆڕشی ڕابردوو و هەروەها بەردەوامی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیە، بەپێچەوانە دەنگدان واتای پەرە گرتنی فەساد، تیرۆر، توندوتیژی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، سەرکوتی ئازادیخوازان و خۆپێشاندەران، وێران بوونی زیاتری وڵات، فەوتاندنی ژینگە، تواندنەوەی دابونەریت و کەلتور و زمان نەتەوە ژێر دەستەکان بەتایبەت گەلی کوردە.

بەگشتی بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردن نە تەنیا تاوانبارن لە ئاست خوێنی شەهیدان و ئێش و ئازاری بریندار و دەسبەسەرکراوەکان، بەڵکوو دەبنە هۆی دامەزراندنەوەی قووڵتری بناغەی ڕێژیمی دیکتاتۆڕی ئێران.

بەشداری‌نەکردن لە شانۆی هەڵبژاردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەرکێکی شۆڕشگێرانە و نیشتمانییە.