کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: لە جوغرافیای فرەنەتەوەی ئێراندا، بەبێ پێناسەکردنەوەی پرسی سەروەری چیتر ناکرێ بیر لە پێکەوەژیانێکی ئارەزوومەندانە بکەینەوە

13:14 - 12 رەشەمه 2723

مستەفا هیجری:

لە جوغرافیای فرەنەتەوەی ئێراندا، بەبێ پێناسەکردنەوەی پرسی سەروەری چیتر ناکرێ بیر لە پێکەوەژیانێکی ئارەزوومەندانە بکەینەوە

(دەقی وتاری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لە سیمیناری "ئێران لە ڕوانگەی کوردەکان، بارودۆخی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و داھاتووی کورد لە ئێراندا" لە پارلمانی وڵاتی دانمارک)

 

لە سەرەتای سەدەی بیستەوە، بە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی باڵادەست، پرسی نەتەوەیی و پرسی دێموکراسی لە جوغرافیای ئێران، وەک دوو پرسی سەرەکی خراونەتە پەراوێزەوە. ئەم دوو بابەتەش، پرسی سەرەکیی پێکهاتە نەتەوەییە بندەستکراوەکان بووە.

 لە ڕوانینێکی گشتیدا، خەبات بۆ مافە نەتەوەییەکان و پرسەکانی پەیوەست بە ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ و ژیانێکی سەردەمیانە، چەقی هاوکێشە و ململانییەکانی نێوان ناوەند - پەراوێز بووە. ئەگەرچی سەرکوت و ستەمکاریی ناوەند لە ماوەی دەسەڵاتی دوو ڕێژیمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی بەردەوام بووە، بەڵام نەیتوانیوە خەباتی نەتەوە بندەستەکان لەپێناو مافەکانیان کەمڕەنگ بکاتەوە. بەپێچەوانەوە، وشیاریی سیاسی و گەشەی بیری نەتەوەیی لە لووتکەی خۆی‌دایە. بەڵگەی زیندووش بۆ ئەم  ئیدیعایە، بزووتنەوەی ژینایە کە بە دروشـمی "ژن، ژیان، ئازادی" بزووتنەوەی ئازادیخوازیی پەراوێزخراوەکانی بەرەو قۆناغێکی نوێ برد. بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵ کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و بەربڵاوترین و ڕچەشکێنترین بزووتنەوەی بەگژ ناوەد دا کردەوە.

ناسنامەی نەتەوەییی کورد بنەمایەکی بابەتیی هەیە، لەوانە خاک، زمان، کولتوور و مێژووی هاوبەش. هەر لەسەر ئەم بنەمایە، نەتەوەی کورد ئیرادەیەکی گشتیی بۆ ڕزگاری و گەیشتن بە سەروەریی سیاسی لەسەر خاکی خۆی هەبووە. حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، ئەکتەرێکی چالاک و دانەبڕاوی مەیدانی خەباتی نەتەوایەتی و  ململانێ و بەرەنگاربوونەوەی ناوەند بووە. چوارچێوەی فکری و ئەو فەلسەفەیەی ئەم حیزبەی لەسەر دامەزراوە، دژی هەر جۆرە سەرەڕۆیی و پاوانخوازی و دیکتاتۆرییەکە. پێبەندی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەگەڵ کۆی یەکە پێکهێنەرەکانی سەر جوغرافییای ئێران. نەتەوە بندەستەکان بە هاوپەیمانی سەرەکیی خۆی دەزانێ و لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە ئازادیخوازەکانی دیکەی ئێران کە باوەڕیان بە پرنسیپەکانی مافی نەتەوەیی و دێموکڕاسی هەبووە لە پەیوەندی دۆستانەدایە. ئەم حیزبە کە دامەزرانی لە ئەنجامی گەشەی بیری سیاسی و ڕێکخستنی نەتەوەیی بووە، هەموو تێکۆشانی لەپێناو دابینکردنی مافی نەتەوەییی کورد بووە لە ئێراندا.

 حیزبی دێموکڕات، لە هەر دوو سەردەمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا، بە حیزبێکی نایاسایی ناسێندراوە و بەردەوام لە ئێران و دەرەوەی سنوورەکان کراوەتە ئامانجی پیلان و هەڕەشەی بەربڵاو و هەمەلایەنە. هەر لە سەرەتای شۆڕشی نەتەوەکانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، ئەم حیزبە هەوڵی دا لە ڕێگای وتووێژەوە، چارەسەرێکی ئاشتییانە و دێموکڕاتیک بۆ پرسی نەتەوەیی کورد ببینێتەوە. بەڵام لەگەڵ دەنگی "نا"ی دەسەڵاتی ناوەندی بەرەوڕوو بۆوە. تەنانەت وتووێژەکانی هەیئەتی نوێنەرایەتیی خەڵکی کورد لەگەڵ نوێنەرانی تاران ئەنجامێکی نەبوو کە حیزبی دێموکراتیش تیایدا ئەندام بوو. دەنگی "نا"ی ڕێژیم، سیاسەتی" شەڕ لە کوردستان"ی بەداودا هات. ئایەتوڵڵا خومەینی، ڕێبەر و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی "فەرمانی جیهاد"ی لە دژی نەتەوەی کورد و بزووتنەوەکەی ڕاگەیاند.

لە ئەنجامی سیاسەتی دژەمرۆیی و پاوانخوازانەی کۆماری ئیسلامیدا، جوغرافیای هەرێمە نەتەوەییە بندەستەکان، بەتایبەتی کوردستان، دەقاودەق جوغرافیای سەرکوت و داگیرکاری بووە. هۆکارەکانی ئەم دژایەتییەی کورد و نەتەوەکانی دیکە و ئیرادەی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ ناوەند دەبێ لە دووتووێی خەبات و تێکۆشانی بەردەوامی ئەوان لە قۆناغە هەستیارەکانی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا، هەڵسەنگێندرێت و لێک بدرێتەوە. لە ماوەی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سیاسەتی سەرکوت لە ئاست داواکاریی مافی مرۆڤدا پەیڕەو کراوە. لە هەرێمی نەتەوە غەیرەفارسەکان، بەتایبەت لە کوردستان، لە هەموو شێوەکانی ئەمنییەتیکردنی ژیان و سیاسەتەکانی مەرگ کەڵک وەرگیراوە تاکوو دانیشتووانی لە مافەکانی خۆیان بێبەش بن. سیستەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی مافی نەتەوەیی، ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی ئایینی و هەر جۆرە بیرۆکەیەکی سیاسیی جیاواز ساز بووە. بەتایبەت لەم ماوەیەدا، نەتەوەی کورد و جوغرافیای کوردستان زیاترین پشکیان لە ڕووی کۆمەڵکوژی، بەتاڵانبردنی سامان و سەرچاوەکان، کۆچی زۆرەملێی دانیشتووان و هەوڵ بۆ گۆڕینی دێموگرافیای کوردستان، سڕینەوەی زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردە، نکۆڵی لە ئایینی یارسان و گوشار خستنە سەر باوەڕدارانی سوننە مەزهەب و، بەئەنقەست دواخستنی ئابووریی کوردستان بەرکەوتوە. ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ٤٥ ساڵی ڕابردوودا بەڕوونی نیشانی دەدەن کە بەنیسبەت ژمارەی دانیشتووانی، نەتەوەی کورد زۆرترین ڕێژەی ئێعدام، زیندانیکردن، تەبعید، ئەشکەنجە و هەڕەشە بۆ سەر ژیانی چالاکانی مافی مرۆڤ و ژینگەپارێزانی لە ئێراندا هەبووە، بۆ نموونە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٨٣٩ کەس لە سێدارە دراون، کە ١٩٩ کەسیان کورد بوون.

کوردستان خاوەنی کولتوورێکی فرەچەشنە و هەر ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤەکان بە هەر جۆرە بیر و باوەڕ و ئایینێکەوە پێکەوە هەڵ بکەن. بەڵام سیاسەتە نادێموکراتیکەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دژ بە کۆمەڵگەی فرەچەشنی کوردستانن. کوردستان هەمیشە نیشانی داوە کە بە نیسبەت ژنانەوە کۆمەڵگەیەکی کراوەتر بووە و هەربۆیەش مەکۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا ئەمینی لە ساڵی ٢٠٢٣ دا بووە. بزووتنەوەی ژینا کە بە درووشمی" ژن، ژیان، ئازادی" مەشرووعییەتی لە ڕێژیم وەرگرتەوە، هەوڵێک بوو بۆ لابردنی ڕێژێمیک کە بەدرێژایی تەمەنی خۆی مافی ژنانی سەرکوت کردوە. ئەم سەرهەڵدانە هەر بەخێرایی و بە پێشەنگایەتیی ژنان و لاوان، هەموو ناڕەزایەتییەکانی لە کوردستان و ئێران یەکدەنگ و هاوڕا کرد کە تا ئەم ڕێژیمە مابێ، هیچ مرۆڤێک ناتوانێ خاوەنی ژیانێکی ئازاد و بەکەرامەت بێ. ئەگەرچی لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵ بزووتنەوەی ژیناشدا بینیمان زیاترین کوشتن، سەرکوت و زیندانی هەر لە کوردستانن. لە کوردستان، تاکوو ئیستاش چالاکانی مافی مرۆڤ و مافی زمانی و ژینگەپارێزان بە تاوانی داکۆکی لە ئازادی و مافی ژیان، لەسێدارە دەدرێن یا زیندانیی درێژخایەنیان بۆ دەبڕدرێتەوە و سزا دەدرێن.

ئەم ستەمە نەتەوەییە، لە بنەڕەتدا بە ڕێگەی دانانی سنوورەکانی نابەرابەری لەنێوان ناوەند و پەراوێز پێک هاتوە کە ڕەهەندی جوغرافییایی، ئابووری، سیاسی، دامەزراوەیی، فەرهەنگی، زمانی، ژینگەیی و ئایینیی هەیە. پێناسەیەک کە لە ئێران سەبارەت بە نەتەوەکان دەکرێ لەگەڵ واقعی مێژوویی، جوغرافیایی و سیاسیی ئەم وڵاتە نامۆیە. ئێمە پێمان وایە سڕینەوەی سیستەماتیکی نەتەوەی کورد، درێژەدان بە سیاسەتی داگیرکاری، میلیتاریزەکردنی ژیان، و بێدەنگکردنی بیری جیاواز و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان هیچ ڕێگایەکی نەهێشتووەتەوە کە ئێمە وەک کورد بتوانین بیر لە سیستەمێکی سیاسی بۆ ئێرانی دواڕۆژ بکەینەوە کە لەسەر بنەمای یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ئایین ساز بووبێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەر جۆرە ئایدیۆلۆژییەک کە لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمێکی بەرچاوتەنگ ساز بووبێ، ناتوانێ چارەسەری کێشەکانی ئێران و بەتایبەت پرسی کورد بکا. ئێمە وەک کورد پێمان وایە لە جوغرافیای فرەنەتەوەی ئێراندا، بێ پێناسەکردنەوەی پرسی سەروەری لە ئێران چی تر ناکرێ بیر لە پێکەوەژیانێکی ئارەزوومەندانە بکەینەوە. ئەگەر بڕیار بێ سیستەمی سیاسیی داهاتووی ئێران لەسەر بنەمای سەروەریی نەتەوەی فارس بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا بێ، دیسان بازنەی بێ‌ئەنجامی سەرکوت و سڕینەوە دووپات دەبێتەوە کە تیایدا نەتەوە غەیرەفارسەکان بێبەش دەبن و بنەماکانی دێموکراسیش بوونی نابێت. دەبێ نیشانەکان و بنەماکانی ئێرانی داهاتوو سەرلەنوێ پێناسە بکرێنەوە. ئەمەش بێگومان لە هەڵوەشاندنەوەی سەروەریی ناوەندەوە بەرەو بنیاتنانی سەروەریی هاوبەش و مافی یەکسانی هەموو نەتەوەکان تێپەڕ دەبێت.

شۆرشی ژینا وەک ڕووداوێکی مێژووییی فرەڕەهەند لە زۆر ڕووەوە کاریگەری داناوە. دابڕانی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی ژینا لە نەریتە دواکەوتووەکانی دەسەڵاتی سەرەڕۆ، گۆڕانکارییەکی قووڵی بەدوادا هاتوە کە بەستەر و ژێرخانی گۆڕانکاریی گەورەترە. سەرکوت ڕەنگە بتوانێ ئاراستەی گۆڕانکارییەکان بەرەو توندوتیژی ببات، بەڵام  ناتوانێ بەربەستی بۆ دروست بکات. ئەم گۆڕانکارییە فکری و ڕیشەیی‌یە لەسەر بنەمای ئەزموونێکی پڕتێچوو لە ستەم و بێ‌مافی و هەست بە نەبوونی کەرامەت  پێکهاتووە. بۆ ئێمەی کورد، بەو ڕادەیە کە وەلانانی کۆماری ئیسلامی ئامانجمانە، بەو ڕادەیەش پرسی نەتەوەیی و دێموکراسی دوو هێڵی سەرەکی و پرنسیپی نەگۆڕن. گرینگتر لەمانە، تێپەڕین لە هەر جۆرە عەقڵییەتێکی پاوانخوازە کە بیهەوێ ئەزموونی ڕێژیمەکانی پاشایەتی و ئیسلامی دووبارە بکاتەوە.

ئێمە داوا لە وڵاتانی ئازاد و دێموکڕاتیک دەکەین کە بۆ سەقامگیرکردنی سیستەمێکی دێموکڕاتیک، لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ و بەهاکانی ئازادی و دادپەروەری، یارمەتی بە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکانی ئێران بدەن. سیستەمێک کە بە تێپەڕێن لە نەریتی دواکەتووانە، کەرامەت بۆ ژیانی تاک و کۆی ئەم نەتەوانە مسۆگەر بکات.