کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی بەرپرسانی ڕێژیم بە نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری

14:51 - 7 خاکەلێوه 2724

دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ لەژێر ناوی نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری کە ئێستاش بەردەوامن، بەرپرسانی ڕێژیم کاردانەوەیان نیشان داوە و ئەمەیان بە پلانی دوژمن ناو بردووە.

پارێزگاری کرماشان لە چەواشەکارییەکدا بە ئاماژەکردن بە پێویستیی دابینکردنی ئەمنییەتی هاووڵاتییان باسی لەوە کردووە کە هەموو جۆرە ڕێوڕەسم و جێژنێکی گشتی دەبێ بە وەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی بەڕێوە بچێ نەکا بەزمی خۆشیی گشتیی لەلایەن کەس و گرووپێکەوە کەڵکئاوەژووی لێ وەربگیرێ.

عەلی شەعبانی لە قسەکانیدا ئاماژەی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان کردووە و لە جیاتی جێژن، ئەمانەی بە کۆبوونەوە ناو بردووە و وتوویەتی: کەسانێک لە گرووپە دژبەرەکان بەردەوام لە هەوڵی دروستکردنی مەودا لە نێوان خەڵک و ئایینزاکانی وڵات و پارێزگای کرماشاندان، لەم دواییانەدا بە کەڵکئاوەژوو وەرگرتن لە شایی و نەورۆز هەوڵی بەلارێدابردنی سیاسیی ئەم بەرنامانەیان داوە و بە هاندانی خەڵک بۆ ڕەشبەڵەک ویستوویانە ڕوانگەی خۆیان بسەپێێن.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هەندێک لە کەسانی سەر بەم گرووپانە، بە نمایشکردنی ئاڵا و هێمای تەجزیەتەڵەبانە، هەوڵیان داوە دژی ئێران پڕوپاگەندە بکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا مەلا قادر قادری کە لە خۆشخزمەتی بە ڕێژیم ناوبانگی زۆری دەرکردووە، لە وتەکانی ڕۆژی هەینیی خۆیدا لەمبارەوە نیگەرانیی دەربڕی و بۆ بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان باسی لە لابردنی سەرپۆش وهەڵپەڕكیی خەڵک لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکاندا کرد.

قسەکانی پارێزگای کرماشان سەبارەت بە دابینکردنی ئەمنییەت لەکاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە تاقەوسان، بە هۆی شایی و هەڵپەڕکێ، تەقە لە دوو لاو کراوە و هەردووکیان بەسەختی بریندار کراون.

ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە بە گوڕ و تینێکی زۆرەوە بەڕێوەچوون و کەڵکوەرگرتن لە هێماکانی وەکوو جامانە و هەوری و جلی خاکی لەلایەن خەڵکەوە بەرپرسانی ڕێژیمی تووڕە کردووە.