کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەت بۆ ئاگربەست لە غەززە کاردانەوەی توندی لێ کەوتەوە

10:42 - 8 خاکەلێوه 2724

لیندزی گراهام، سێناتۆری باڵای کۆماریخوازەکان، بە بڵاوکردنەوەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دیدارەکانی پێشووی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ''ئیکس'' بەرامبەر بە پەسەندکردنی بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەت بۆ ئاگربەست لە غەززە کاردانەوەی نیشان داوە و نووسیویەتی ئەم کارە دەبێتە هۆی دڵخۆشیی ڕێژیمی ئێران.

ئەم سێناتۆرە باڵایەی ئەمریکا ڤیتۆنەکردنی بڕیارنامەی شورای ئەمنییەتی لەلایەن ئەمریکاوە بە "گەورەترین هەڵەی مێژوو" ناو برد وتی : ''ئەو تۆمەتانەی باس لە بەکارهێنانی چەکی برسێتی لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکەن قسەی بێمانایە و بوختانێکی گەمژانەیە و خەڵکی غەززە هەرگیز لە برسێتیدا نامرن."

جۆزێڤ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ٢٨ی ڕەشەمە، لە کردنەوەی کۆنفرانسی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە لە برووکسێل، ئیسرائیلی بە دروستکردنی برسێتی لە کەرتی غەززە و بکەڵکوەرگرتن لە برسێتی وەک چەکی شەڕ، تۆمەتبار کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوە، شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ١٤ دەنگی ئەرێنی و دەنگی بێلایەنی ئەمریکا بڕیارێکی سەبارەت بە غەززە پەسەند کرد و داوای کرد تا کۆتایی مانگی ڕەمەزان و ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی بارمتەکان دەستبەجێ ئاگربەست ڕابگەیەندرێت.

یوئاف گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە وڵامی پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامەیەدا وتی: ''ئیسرائیل پاساوێکی ئەخلاقی بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە نییە هەتا هەموو بارمتەکان بگەڕێنینەوە بۆ ماڵەکانیان.

هەروەها بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وڵامی ڤێتۆی ئەمریکا بۆ بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەت، سەفەری شاندەکەی بۆ واشنگتۆن هەڵوەشاندەوە و ڕەخنەی لە بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان گرت و بەڵێنی دا هەڵمەتی سەربازیی لەنێوبردنی گرووپی حەماس بباتە پێشەوە.