کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵی ٢٠٢٣ زیاترین ڕێژەی قوربانییانی پەنابەریی لە ماوەی ١٠ ساڵدا تۆمار کردووە

10:49 - 8 خاکەلێوه 2724

ڕێکخراوی نێونەتەوەیی پەنابەری ڕۆژی سێشەممە ٧ی خاکەلێوە لە ڕاپۆڕتێکدا ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٣ی زاینییدا ٨٥٤٢ پەنابەر لە کاتی کۆچکردنی نایاساییدا گیانیان لەدەست داوە یان بێسەروشوێن بوونە کە ئەمە زیاترین ڕێژە لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوویە.

لەم ڕاپۆڕتەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕێژەی قوربانییانی پەنابەری لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری بەرزبوونەوەیەکی ٢٠ لەسەدیی بە خۆیە بینیوە هاتووە کە لە ماوەی یەک دەیەی ڕابڕدوودا زیاتر لە ٦٣ هەزار پەنابەر گیانیان لەدست داوە یان بێسەروشوێن بوونە کە یەک لەسەر سێیان کەسانێک بوون کە، لە وڵاتانی گیرۆدە بەشەڕەوە بەرەو وڵاتانێکی دیکە ڕۆیشتوون تاکوو ئەمنییەتیان هەبێت".

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆڕتەدا ڕێکخراوی پەنابەری هەوڵی داوە بە جەختکردنەوە لەسەر مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی، کەسانێک کە دەیانهەوێت لەم ڕێگە مەترسیدارەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی دیکە ئاگادار بکاتەوە و ڕایگەیاندووە "تەرمی دوو لەسەر سێی ئەو پەنابەرانەی کە بوونەتە قوربانی هیچکات نەدۆزراوەتەوە و ئەم بابەتە بنەماڵەکان و کۆمەڵگەی لەگەڵ داخ و کەسەری نەبوونی ئازیزانیان بەرەوڕوو کردووەتەوە.

ڕاپۆڕتەکە شیی کردووەتەوە کە نزیەکەی ٦٠ لەسەدی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی ڕێگەی پەنابەری بە شێوەی خنکان لە ئاودا بووە.

شایانی باسە کە ڕێژەی کۆچی نایاسایی ئێرانییەکان بە هۆی دۆخی خراپی ئابووری و نەبوونی کار و داهاتوویەکی ناڕوون لەژێر مەترسی و هەڕەشەی ڕێژیمی ئیسلامیدا، ڕووی لە زیادبوونە.